کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەشنووسی بە تیرۆریست ناسێنی سپای پاسداران لە لایەن "سەنای کانادا"وە

16:34 - 19 سەرماوەز 2718

سەناتۆر لیندا فڕۆم ئەندامی سەنای کانادا بە پێشکەش کردنی ڕەشنووسێک بە سەنای وڵاتەکەی، وێڕای بە مەترسی زانینی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئاسایشی ناوچە و جیهان، داوای کردوە کە سپای پاسداران و سەرجەم دەستوپێوەندییەکانی بخرێنە نێو لیستی تیرۆریستییەوە. سەناتۆر لیندا فڕۆم بۆ پشتیوانی کردنی سەنای کانادا لەو ڕەشنووسە ڕایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدان بە توندئاژۆیی و تیرۆریزم دەبێ مەحکووم بکرێ و هەروەها بە پێی یاسا وڕیسای جینایی کانادا، داوا دەکەم لە زووترین کات سپای پاسداران ناوی لە نێو لیستی تیرۆریسم بنووسرێ. لە درێژەی بانگەوازەکەی سەناتۆر لیندا فڕۆم‌دا هاتووە؛ کانادا لە خەڵکی ئێران پشتیوانی دەکا و، مافی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی لە هەموو بوارەکاندا بە فەرمیی دەناسێنێت. لەو پێوەندییە‌دا مایک پۆمپیۆ وەزیری بەرگریی ئامریکا لە بڕیاری وڵاتی کانادا بۆ هاوێشتنی ئێران لە نێو لیستی تیررۆریستی پشتیوانی کرد و، ڕایگەیاند خەڵکی ئێران بە دەستی ڕێژیمی ئێران دەچەوسێنەوەو، پێویستە وڵاتانی دیکەش سوور بن لەسەر لێپێچینەوە کردن لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.