کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تویتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی

20:25 - 19 سەرماوەز 2718

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ماڵی، ئاماژەی بە سامانی حاکمانی ئێران و گەندەڵیی دەزگای حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە. لەو تویتەدا کە ڕٶژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ: " ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، بەداخین بۆ خەڵکی ئێران، حکوومەتەکەیان پڕە لە ڕیاکارە گەندەڵەکان. یەکێک لەوان " خامنەییە"، سندووقێکی سەرمایەی هەیە کە باج نادا و سامانەکەی بە میلیارد دۆلارە". ئاماژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ناوەندی بەڕێوەبەریی فەرمانی خومەینییە کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز ئەو دامەزراوە لە ژێر چاودێریی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و داراییەکەی ٩٥ میلیارد دۆلارە. لەو تویتەدا ئیشارە بەوە کراوە، ناوبراو کە بە کەسێکی پیرۆز ناسراوە، مڵک و ماڵی کەمایەتییە دینییەکان بە تاڵان دەبا و دراوەکەی دەداتە سپای پاسدارن. ڕۆژی ٩ی سەرماوەز لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناسراوە و لەو ڕۆژەدا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکرێ کە لەو بارەوە هەوڵ بدەن. "پمپئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، ئاماژەی بە پشتیوانی و هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان کرد و و ڕوو بە ڕێبەرانی ئێران گوتی: خەڵکەکەتان تاڵان مەکەن،دراوی خەڵکی ئێران بە خاتری ئاژاوەگێڕیەکانتان لە سووریە، یەمەن، لوبنان، عێراق و وڵاتانی تر بە فیڕۆ مەدەن". ناوبراو لە مانگی ڕابردووشدا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە "خەڵکی ئێران ماوەی ٤٠ ساڵە بوونەتە قوربانیی ناکارامەیی و گەندەڵیی ئابووریی کاربەدەستانی ئێران و نووسیبووی کە ئەمریکا هاوکار و پشتیوانی خەڵکی ئێرانە و بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی رێژیم گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەشەکانی خۆراک و دەرمان ناگرنەوە". ساڵی ڕابردوو مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گەڵاڵەی لێکۆڵینەوەی لە سامانی ڕێبەریی ئێران بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد. ئەوکات " برووس پلیکوین" داڕێژەری ئەو گەڵاڵەیە ڕایگەیاند ئێمە زانیاریمان لە بەردەستدایە کە ٧٠ تا ٨٠ کەس لە ڕێبەرانی سیاسی و سەربازیی ئێران یەک لە سەر سێی ئابووریی ئێرانیان لەبەردەستدایە و لەو ڕێگەیەوە سامانێکی زۆریان وەسەریەک ناوە. بەپێی وتەی ناوبراو، کاربەدەستانی ئێران ئەو سامانە لە ڕێگەی جۆراوجۆری وەک ئەو دامەزراوەی کە لە لایەن ڕێبەری ئێرانەوە بۆ هاوکاریی هەژاران دامەزرابوو، وەدەست دێنن کە لە ئێستادا بۆتە ئیمڕاتۆری دەسبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵی خەڵکی ئێران.