کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤێڵت ئێم زونتاگ: تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران دوو هێندە زیادی کردووە

21:10 - 19 سەرماوەز 2718

ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی بەپێی ڕاپۆرتی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژاوایی بڵاویکردەوە کە ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی ٧ مووشەکی کڕووزی تاقیکردۆتەوە کە ڕادەی ئەو تاقیکردنەوە لەچاو ساڵی ڕابردوو دووهێندە زیادی کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی " ڤێڵت ئێم زونتاگ" کە چەند بەشێکی لە هەواڵدەرییەکانی ئاڵمان دا بڵاوکراوەتەوە، ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ دا لانیکەم ٧ مووشەکی کرووزی تاقیکردۆتەوە کە ئەو مووشکانە دەگەنە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا. ئێران لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا ٤ مووشەکی لەو جۆرەی تاقیکردبۆوە. ئەو ڕۆژنامەیە باس لەوە دەکا کە مووشەکەکان توانای پێکانیان دووهەزار کیلۆمیترە و دەتوانن لە ئێرانەوە، عەڕەبستان و ئیسڕائیل بپێکن. شیاوی باسە مایک پۆمپیۆ ڕۆژی ١٠ی سەرماوەز لە تویتێکدا هەواڵی تازەترین تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە تاقیکردنەوەی مووشەکیی لە لایەن ئێرانەوە، پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە.