کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمنیەتی‌ کردنی کوردستان بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە

02:45 - 20 سەرماوەز 2718

دوای چل ساڵ لە دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ تێکۆشان و ویستی گەلی کورد، لە جیاتی هەوڵدان بۆ چارەسەری پرسە سیاسی و فەرهەنگییەکان، ناوەندە ئەمنییەکان لە کۆنتڕۆڵ کردن و چاودێری کردنی هەرچەشنە جموجۆڵی نێوخۆ بەردەوامن. بە پێی ڕاپۆڕتێک کە بە دەستمان گەیشتووە، دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم لە درێژەی میلیتاریزەکردنی ناوچەکانی کوردستان هەوڵێکی دیکەیان بۆ چاودێری کردن و ئەمنیەتی کردنی کوردستان دەسپێکردووە. دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دەستی داوەتە زیادکردن و نەوژەنکردنەوەی پایگاکانی خۆی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەتایبەتی لە گوند و شارۆچکەکانی سەرسنوور بە مەبەستی مۆڵدانی هێزەکانی خۆی و, هەروەها گواستنەوەی چەکی قورس ونیمە قورسی زۆر بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان، ئیدارەی ئیتلاعات بە هاوکاری بەکرێگیراوانی خۆی بەشێوەی بەربڵاو خەریکی دانان و هەڵواسینی کامێرای شاراوەیە لە نێو شار وشارۆچکەکان و بۆ ئەمەبەستەش بەکرێگیراوانی خۆی بەکار هێناوە. لە درێژەی ئەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە "دامودەزگا ئەمنییەکان لە دەوروبەری ماڵ و شوێنی کاری ئەندامانی سپا و بەکرێگیراوانی خۆی کامێرای داناوە، کە ڕاستەوخۆ لە ژووری ناوەندە ئەمنییەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن". ئیدارەی ئیتلاعات لە جموجۆڵ و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی کوردستان توقیوەو بۆیە لە هەموو ڕێگایەک لە هەوڵدایە بۆ ڕاگرتنی دۆخەکە و، کۆنترۆڵ‌کردنی خەڵکی کوردستان. جێی‌وەبیر هێنانەوەیە چەند مانگ لەمەو پێش ، سپای پاسداران زەختی خست‌بووە سەر خەڵکی گوندەکانی شنۆ و پیرانشار کە لە نێو گوند و لە بەردەرگای هێندیک لە ماڵەکان دەبی کامێرا دانن و، بۆ ئەوەی خەڵکی گوندنشین مل بەو بڕیارە بدەن دەستوپێوەندییەکانی خۆی ڕاسپاردبوو کە شەوانە ڕا و ڕووت و دزی لە خەڵکی ئەو گوندانە بکەن.