کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات لە کامیاران

02:58 - 20 سەرماوەز 2718

دایکی شەهیدان سمایل و سالار ئیبراهیمی لە شاری کامیاران دوای تەمەنێکی ژیان بەسەرفەرازی ماڵاوایی لە ژیان کرد. سوغرا ئیبراهیمی دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکرات رۆژی ٢٠ سەرماوەز لە شاری کامیاران ماڵاوایی لە ژیان کرد. ئەو دایکە جگەرسووتاوە دوو کوڕی لە ڕێگای ئازادی کوردستان گیانیان پێشکەش بە وڵات کرد. شەهید سالار ئیبراهیمی کە ناوێکی ئاشنایە لە مێژووی ئازایەتی خەڵکی کۆڵنەدەر و تێکۆشەری کورد بە تایبەتی لە ناوچەی کرماشان و کامیاران و سنە ، کە نازناوی قارمانی سەنگەری خەباتی پێ‌بەخشراوە، کوڕی دایە سوغرا ئیبراهیمی بوو کە لە دژوارترین قوناخی خەباتی حیزبی دێموکرات ئازایانە بەرگری لە خاک و وڵات کرد. ناوبراو لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە ئاوایی "گۆمەتە"ی ناوچەی بێڵەواری شاری کامیاران لە باوەشی بنەماڵەیەکی جووتیاردا چاوی بە دنیای پڕ لەزوڵم‌و نابەرانبەری هەڵێنا و لە سەروبەندی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی ، پاش سەرکەوتنی شۆرش ‌و ئاشکرا بوونی تێکۆشانی سیاسی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی کامیاران، کە بە سەدان کەس لە لاوەکانی ئەو شارە روویان کردە ریزەکانی حیزبی دیموکرات، سالار ئیبراهیمی یەکێک لەو لاوانە بوو کە وەک لایەنگری حیزب لە تەشکیلاتی حیزب دا سازمان درا. لەزستانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی‌دا کە کامیاران کەوتە بەر هێرشی پەلاماری رێژیم، برایەکی شەهید سالار بەناوی سمایل ئیبراهیمی شەهید بوو. شەهید بوونی براکەی گڕوتینی خستە دڵ‌و دەروونی سالاری لاوی تازە پێ‌گەیشتوو، بۆیە بڕیاری‌دا ببێتە پێشمەرگە‌و رێگای برا شەهیدەکەی درێژە پێ بدا. ناوبراو لە ماوەی ژیانی پیشمەرگایەتی‌دا ٨ جار بریندار بوو لە هاوینی ساڵی ١٣٦٠ چاوێکی لەدەست دا، بەڵام کۆڵی نەداو درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا. شەوی ٨ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە کاتێک‌دا پێشمەرگەکان لە عەمەلیاتی موڵگەی "دەژن" بەرەو "چاوگەی ئاوێر" دەگەڕانەوە. لەسەر چاوگەی ئاوێر کەوتنە کەمینی هێزەکانی دوژمن. پاش شەڕێکی قارەمانانەی پیشمەرگەکانی کوردستان، سالار ئیبراهیمی کەوتە بەر دەسرێژی گوللەی بەکڕێگیراوان و پەیوەست‌بوو بە کاروانی نەمرانەوە. راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان سمایل و سالار ئیبراهیمی بە بۆنەی کۆچی‌دوایی دایکی ئەو دوو شەهیدە، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە خەڵکی کرماشان و کامیاران وسنە ، بەتایبەتی بنەماڵەی خۆشناوی ئیبراهیمی دەکا و، سەبووری و سەڵامەتییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.