کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەرێوەچوو

03:40 - 20 سەرماوەز 2718

بە میوانداری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران دەیەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کاتژمێر ۱۱ی سەرلەبەیانی رێکەوتی ۱۹ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی پێکهات. سەرەتای کۆبوونەوەکە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و کورد راگەیندرا و پاشان دەستووری کاری کۆبوونەوەکە پەسندکرا. بەرێز کاک حەمەنەزیف قادری بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاری باسێکی لەسەر کار و چالاکییەکانی ناوەند و هەروەها میکانیزمەکانی کارکردنی ناوەندی هاوکاری پێشکەش کرد و دواتر هەرکام لە حیزبەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە وێرای سپاس لە بەرێوەبردنی کار و چالاکییەکانی ئەم دەورەیە پێشنیاراتی خۆیان بۆ چالاکییەکانی داهاتوو پێشکەش کرد. لە برگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا هێلە گشتیەکانی ناوەندی هاوکاری و پرنسیپەکان و ئامانجەکانی ناوەند خرانە بەرباس و بە تێکرای دەنگی بەشدارانی کۆبوونەوەکە پەسند کرا. بەشێکی دیکەی کاری کۆبوونەوەی ناوەند باس لەسەر هاوکاری ئەمنییەتی لایەنەکان بوو کە پاش نەزەر و بۆچوونی بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەتیەکانی سەربەحیزبەکانی ناوەند ، بریار و راسپاردەی پێویست لەوە بارەوە بۆ میکانیزمی هاوکارییەکان پەسند کرا. لە کۆتا باسی دەستووری کاری کۆبوونەوەی ناوەند پرۆژەی پلاتفۆرمی هاوبەشی ناوەندی هاوکاری رووبە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی خرایە بەرباس و پاش ئالووگۆری بیرورا بریاردرا لە داهاتوویەکی نیزیکدا پاش گونجاندنی نەزەری سەرجەم ئەندامان وەک پلاتفۆرمی ناوەندی هاوکاری رووبە رای گشتی و بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بڵاو بکرێتەوە. کۆبوونەوەکە لە فەزایەکی دۆستانەدا کاتژمێر ٤ی ئێوارەی هەمان رۆژ کۆتایی پێهات. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ۱۹ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی