کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی پۆلێکی دی لە لاوانی کورد لە ورمێ، شنۆ، سنە و پیرانشار

15:54 - 21 سەرماوەز 2718

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و لە ڕەشبگیرێکی دیکەدا پۆلێکی دی لە لاوانی کورد لە شارەکانی ورمێ و پیرانشاریان دەستبەسەر کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری "چاونیوز" سێشەممە، 20ی سەرماوەز لە پیرانشار "سولێمان محەممەدنیژاد" بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر و شوێنبزر کراوە. لە شاری ورمێش "جەماڵ مەحموودزادە" هەر بە هەمان تۆمەت دەسبەسەر و بەڕێی گرتنگە کراوە. لە سنەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "هومایوون بەهمەنی" و "وەحید عەزیمی" و حەبیبوڵڵا ئەحمەدی دەسبەسەر کراون. هەروەها دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی بێهنام ئیبراهیم‌زادە، چالاکیی مەدەنیی شاری شنۆی بە تاوانی ڕێکخستنی هەڵمەتەکانی یارمەتیدان بە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان دادگایی کردووە و سزای ساڵێک و 6 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاندووە. ناوبراو ڕۆژی 26ی گەلاوێژ لە کرماشان و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەسبەسەر کرابوو.