کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"برایان هۆک" و هەوڵی وەدەرنانی کەسوکاری کاربەدەستانی ڕێژیم لە ئامریکا

16:02 - 21 سەرماوەز 2718

دوابەدوای داواکاریی خەڵکێکی زۆر لە سەر دەرکردنی "ئاغازادەکان" و کەسوکاری کاربەدەستە پایەبەرزەکانی ڕێژیم لە ئەمریکا و هەڵوەشاندنەوەی ویزاکانیان، "برایان هۆک" نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لەوبارەوە ڕایگەیاند کە خەریکی کارکردن و پێداچوونەوەن لە سەر ئەو بابەتە. "برایان هۆک" کە لە پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تویتێر وەڵامی پرسیارەکانی دەدایەوە، لە بارەی دەرکردنی کەسوکاری ئاخوندەکان لە ئەمریکا ڕایگەیاند کە ناتوانێ وردەکاری ئەو مەسەلەیەتان بۆ باس بکات بەڵام بە دڵنیاییەوە بۆ گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئێران و کاربەدەستە گەندەڵ و دەغەڵکارەکانی ئەو حکوومەتە لە هەموو بژاردەکان کەڵک وەردەگرن. ناوبراو درێژەپێدانی خوێندنی ئاغازادەکانی لە ئەمریکا بە نموونەیەک لە ڕیاکاریی کاربەدەستە پایەبەرزەکانی ڕێژیمی ئێران ناوبرد. نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران گوتی: لە کاتێکدا کە سەرانی ڕێژیم دروشمی " نەمان بۆ ئەمریکا" بەرز دەکەنەوە، خێزانەکانیان بە قسەی خۆیان دەنێرنە وەڵاتی " شەیتانی گەورە" تا بە کەڵکوەرگرتن لە پووڵ و سامانی خەڵکی ئێران لەوێ بژین و درێژە بە خوێندن بدەن". "موجتەبا زلنوور" نوێنەریی مەجلیس لە " قوم" لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی " ئیعتماد" گوتی : لە کاتی وتووێژەکانی "بەرجام" دا، بۆ دڵخۆشکردنی کاربەدەستانی ڕێژیم، ئۆباما بڕیاریدا کە ٢٥٠٠ ئێرانی پاسپۆرتی هاووڵاتی بوونیان پێبدرێ، بەرپرسانی ڕێژیم کێبڕکێیان بوو هەتا مناڵەکانیان بخرێنە نێو ئەو لیستەوە. دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕ دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لە فاکس نیوزدا، لە پێوەندی لە گەڵ پێدانی هاووڵاتیبوون لە دەوڵەتی ئۆبامادا گوتی: تازە دەرکەوتووە کە لە کاتی وتووێژە ئابڕووبەرانەکەی بەرجام دا ٢٥٠٠ ئێرانی بوونە هاووڵاتی ئەمریکا کە بەشێکیان کاربەدەستانی پایەبەرزی دەوڵەتیین و، ئەوە ژمارەیەکی ئیجگار زۆر و بڕیارێکی نەشیاوە". شایانی باسە کە لە کاتی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستاش لە هەموو بۆنە و لە ڕاگەیاندنەکاندا دروشمی " مرگ بر امریکا" دەگوترێتەوە و ئامریکا بە شەیتانی گەورە ناودەبرێ. لە گەڵ ئەوە کە ئەو دروشمانە بەرز دەکرێنەوە بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم کە لە سەر سامانی خەڵک و بە دزینی داهاتی وڵات پێگەیشتوون، بۆ درێژەدان بە خوێندن، بۆ ژیانێکی ئارام و ئاسوودە و بۆ کار کردن ڕوو لە ئامریکا دەکەن و خێزانەکانیان و کەسوکاریان لەوێ ژیان بەسەر دەبەن و بەشی هەرە زۆریان پاسپۆرتی ئامریکایی و ڕۆژاواییان هەیە و لە لایەکیتر بەو دروشمانە خەریکی فریودانی خەڵکن و خەڵک بۆ دژایەتی ئامریکا هاندەدەن.