کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لە دەستدان و برینداربوونی چەند کۆڵبەری کورد

18:31 - 8 بەفرانبار 2718

بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ورمێ بریندار بوو. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، چەند کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی "داڵامپەڕ"ی ناوچەی ورمێ کەوتنە بەر دەسڕێژی چەکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و لە ئاکامدا کۆڵبەریک بە ناوی " زوبەیر ڕەحیمی" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی "عەبدولواحید" بریندار بوو. جێی ئاماژەیە کە شەوی ٤ی بەفرانبار لە ناوچە سنووریەکانی "قتوور" سەر بە شارستانی "خۆی"ە کۆڵبەرێک بە ناوی فەڕشاد میرزایی" خەڵکی گوندی "بلسوور"ی خوارێ بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بریندار بوو. هەر لە پێوەندیی لەگەڵ کۆڵبەراندا، شەوی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێک بە ناوی یاسین ڕەحیمی کوڕی ناسر خەڵکی گوندی " بڵەسەن"ی ناوچەی بانە کەوتە نێو ڕووباری "زڵێ" و گیانی لەدەست دا. شایانی باسە کە لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٤ کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم و کەوتنەوە خوارەوە لە شاخ و ڕێگە پڕ مەترسیەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە یان بریندار بوون.