کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەکانی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لەبارەی چوونەدەری ڕاوێژکارانی ڕێژیم لە عێراق

19:06 - 8 بەفرانبار 2718

پاسدار "ئیرەج مەسجدی" باڵوێزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ خوێندکاران و چالاکانی بواری ڕاگەیاندن، وێڕای ڕەخنە لە سەفەری لە ناکاوی "تڕامپ" سەرۆک کۆماریی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ڕاوێژکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتی عێراق بەجێدێڵن. لە کاتێکدا کە سەدان پاسداری ڕێژیم لە ژێر ناوی هێزەکانی قودس، بەسیج وحەشدی شەعبی لە عێراقدا جێگیر بوون. پاسدار ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ڕێژیم لە بەغدا و یەکێک لە فەرماندەرانی هێزەکانی سپای قودسی سەر بە سپای پاسداران، باس لە جێهێشتنی ڕاوێژکارانی حکوومەتەکەی دەکا لە خاکی عێراق. باڵوێزی ڕێژیم لە عێراق وێڕای ڕەخنە گرتن لە ئەمریکا لە سەر کۆتایی هاتنی داعش دەڵێ: لە گەڵ ئەوەی کە ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە داعش کۆتایی هاتووە، بەڵام هێزەکانی خۆی لە ناوچەدا هێشتۆتەوە و بەجێی ئەوەی کە ڕابگەیەنێ هێزەکانی ئەمریکایی مەئمووریەتیان تەواو بووە، ئێستا خەریکی دانان و بەهێز کردنی پایگاکانیەتی لە ناوچەکەدا. هاوینی ئەمساڵ وتەبێژی هاوپەیمانیی دژی داعش ڕایگەیاند کە تا گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچە ئازاد کراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، لە عێراقدا دەمێننەوە. دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لەم ڕۆژانەدا لە کاتی سەردانی سەربازانی ئەمریکایی لە عێراق، ڕایگەیاند کە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە عێراقدا دێڵێتەوە تا پێشگیریی بکەن لە دووبارە گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا هەموو جموجۆڵێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر چاودێری دەگرێ.