کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاعێر و چالاکی ئیلامی سەرلەنوێ دادگایی دەکرێ

19:18 - 9 بەفرانبار 2718

ژاکان باران شاعیر و چالاکی خەڵکی مەلەکشای ئیلام بڕیارە سەرلەنوێ دادگایی بکرێ و لە ڕێگای پارێزەرەکەیەوە ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێ لە بەردەم دادگای ئیلام ئامادە بێ. ئەو نووسەر و چالاکی مەدەنییە بە هۆی چالاکییەکانی لە پارێزگای ئیلام لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستی خراوەتە ژێر گوشارەوە. بە پێی قسەی مەعسوومە فەیلی پارێزەری ناوبراو ، ئەو چالاکە مەدەنییە بانگهێشت کراوە بۆ دادگا و بڕیارە دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی لە رۆژی ٢٦ی بەفرانبار بەڕێوەبچێت. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە “ژاکان باران” ، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری مەلەکشا و، ئیلامەوە، ١٥ تۆمەتی ئەمنیەتی وەپاڵ خراوەو بۆ سزادانی لە دادگای ئینقلابی پارێزگای ئیلام پەروەندەیان بۆ کردووتەوە. ئەو تاوانبارکردنانە لە کاتێک‌دایە کە زیاتر لە ساڵێکە ناوەندە ئەمنییەکان هیچ بەڵگەیەکی قایمیان لە پێوەندی لەگەڵ “ژاکان باران” نەخستووتە ڕوو. تەنیا بە کۆپی کردنی چەند بابەت و، وتار لە ماڵپەڕەکان کە ئیدیعا دەکەن بە قەڵەمی ژاکان باران نووسراوە، دەیانهەوێ ئەو چالاکە فەرهەنگییە سزا بدەن. شیاوی باسە ژاکان باران تەنیا لە هەمبەر شێعر و بابەتگەلێک کە لاپەڕەی فەرمیی خۆی بڵاوی کردووتەوە، خۆی بە بەرپرسیار زانیوە و، ناوەندە ئەمنیەکانیش بە هەڵچنینی یەک بەیت لە شێعرێکی ئەو شاعیرە بە بیانووی بێ‌ڕیزی کردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام، دەیهانهەوێت بە توندی سزا بدرێت. لەو ١٥ تۆمەتە کە بەسەر “ژاکان باران” سەپاوە، بەرچاوترینی بریتین لە؛ هەوڵدان بەدژی ئاسایشی نیشتمانی، بەشداریی کردن لە خۆپێشاندانەکان و، ڕێکخستنی کۆبوونەوەی نایاسایی، دروشم نووسین بەدژی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئیلام، بێ‌ڕیزی کردن بە ڕێبەری باڵای ڕێژیم، وتووێژکردن لەگەڵ راگەیاندنەکانی دەروەی وڵات… شیاوی باسە دوایین کۆبوونەوەی ژاکان باران رۆژی ٢٦ی بەفرانبار بەڕێوەدەچێت.