کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎پێشمەرگە و فەرماندەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد ‎

18:59 - 11 بەفرانبار 2718

‎رۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٣١ ی دسامبری ٢٠١٨ پێشمەرگە و فەرماندەی دێرێنی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاوڕێ سەید کەماڵ بەدری دوای ماوەیەک نەخۆشی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری لەندن دڵە نەسرەوتووەکەی کە هەردەم بە هیوای رزگاری و سەربەستیی کوردستان لێیدەدا، لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە بنەماڵە و کۆڕی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد. سەید کەماڵی بەدری کوڕی سەید کەریم، ساڵی ١٣٤١ی هەتاویی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەری شاری مەهاباد لەدایک بوو. سەید کەماڵ تا پۆلی دووی ناوەندی لە قوتابخانەکانی فەرهەنگیان و رەزا پەهلەوی ئەوسەردەمی شاری مەهاباد خوێند. سال ١٣٥٧ی هەتاویی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و وەدەرنانی بنەماڵەی پەهلەوی، لە تەمەنی حەفدە ساڵیدا، بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەبەرکرد و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە شوڕای نیزامی شاردا لە ژێر فەرمانی شەهید سەرگورد عەبباسی‌دا ئەرکی بەڕێوەبرد. دواتر وەك هەستەی تشكیلاتی لەنێو شاری مەهاباد كاری دەكرد و بەهۆی ئاشكرا بوونی پاییزی ١٣٥٩ لە شار هاتەدەرێ و پاشان لە هێزی شەهید پێشەوا و لکی سێی ئەو هێزەدا درێژەی بە راپەڕاندنی ئەرک و کاری حیزبی و پێشمەرگایەتی‌دا. سەید کەماڵ لە بنکەی پەلی خوێنی کوردستان لە ئاوایی” لاچین ” دەبوو کە مەودای لەگەڵ شاری مەهاباد تەنیا چەند کیلۆمیترێک بوو و لەوێڕا ئاگاداری جم و جۆڵەکانی دوژمن دەبوون و هەروەها بۆ بەڕێوەبردنی چالاکیی ناو شار سەید کەماڵ بەڵەد و شارەزای رێی چوونە ناو شار بوو. ‎سەید کەماڵ بەهۆی هەڵسووکەوتی باش و قالب سووکی زۆر زوو بووە خۆشەویستی هاوڕێیانی و هەروەها ئەو خەڵکەی رۆژانە پێوەندیی لەگەڵیان هەبوو. ئەو پلەکانی پێشمەرگایەتی تا سەردەستە تێپەڕکرد و لەهەر چالاکییەک سەید کەماڵ بەشدار بووایە، هێز و ورەی دەبەخشییە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی. دواتر بەهۆی لێوەشاوەیی و کارامەیی بووە کادری سیاسی و لەو ئەرکەشدا وەک بەشە نیزامییەکی سەرکەوتوو بوو. سالی ١٣٦٣ نێردرا نەخۆشخانەی حیزب و بۆ دیتنی دەورەی دەرمانی و پاشان گەرایەوە ناوچەو بوو بە بەرپرسی دەرمانی لكی ٣. ‎پێوەندیی کۆمەڵایەتی سەید کەماڵ دەگەڵ خەڵکی ئەو ئاواییانەی بنکەی ئەوانی لێ دەبوو، گەرم و گوڕ بوو، زۆر جاران لە بنکە را نان و پێخۆری بۆ ئەو ماڵانە دەنارد کە دەست تەنگ و نەدار بوون. ‎سەید کەماڵ هاوکات کە کادری سیاسی و ئەمنیەتی و دواتر دابینکەری پێداویستیی بنکەکان بوو، لە ئاشکرا کردنی پیلان و رایەڵکە سیخوڕییەکانی رژێمی ئیسلامیی ئێرانیش خافڵ نەبوو و زۆر چالاکانە توانی دەیان نەخشە و پیلانی تیڕۆر و بۆمب دانانەوەی بەکریگیراوانی رژێم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە دۆڵەرەقە پووچەڵ بکاتەوە. ‎جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە سالی ١٣٥٨سەید هیدایەت بەدری پێشمەرگەی هێزی شەهید پێشەوا كە بۆ مەئموریەتی حیزبی چوبونە سەقز لەشەری كورەخانەی جادەی سەقز بۆكان دوای شەرێكی قارەمانانە چووە نێو كاروانی شەهیدانی گەلەكەمان و هەروەها سالی ١٣٦٢ نادر شێخ مەجیدی كوری پوری سەید كەمال لە هێرشی بۆ سەر پایەگای گراوێ و قۆڵغەتەپە شەهید بوو. ‎سەید کەماڵ ساڵی ١٩٩٧ی زایینی بەهۆی نائەمنی كوردستان باشوورو هەرەشەی تیرۆركردنی بەناچار رێی هەندەرانی گرتەبەر و سەرەتا لە وڵاتی نۆڕوێژ و دواتر لە ئینگلیستان و شاری لەندەن گیرسایەوە. دوای چەند ساڵ ژیان لە لەندەن، نەخۆشی بەرۆکی گرت و بەداخەوە دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکەی، دوانیوەرۆی رۆژی ٣١ی دسامبری ٢٠١٨ دڵە نەسرەوتووەکەی کە هەموو کات بە هیوای رزگاری و سەربەستیی کوردستان لێیدەدا، لە لێدان کەوت و درێژەی رێگای خەباتی بە هاواڵ و هاوسەنگەرانی سپارد. ‎ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەس و کاریان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکاو هاوبەشی خەمیانە. ١ی جانیوێری ٢٠١٩