ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار کاک ڕەحمان خدری یەکێک لە کادرە تێکۆشەرەکانی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شاری بانە لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاك ڕەحمان کە لە زانستگەی تاران لیسانسی وەرگرتبوو، چەند ساڵ بوو وەک مامۆستا لە دەبیرستانی بانە ئەرکی پێگەیاندنی قوتابیانی شارەکەی وەئەستۆ گرتبوو. ناوبراو لە شۆڕشی ٥٧دا لەگەڵ هاوڕێیانی دەورێکی باشیان لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانی شاری بانە لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی هەبوو. هەر ئەودەم بوو بە ئەندامی حیبی دێموکرات و لە دەسپێکردنی شەڕی دژی خەڵکی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا درێژەی بە خەباتی دا.
کاک رەحمان لە یەکەم کۆنفڕانسی کومیتەی شارستانی بانەدا بە ئەندامی کومیتەی شارستان و دواتر وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی هەڵبژێردرا و بێ ماندووبوون ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی جێبەجێ دەکرد. بە هۆی دیاربوونی کەسایەتی و تێگویشتوویی لە نێو هاوڕێیانیدا، لە کۆنگرەکانی ٤ و ٥ی حیزبدا لە ساڵەکانی ٥٨ و ٦٠ وەک نوێنەری بانە بەشداری کرد و دواتر بۆ درێژەی ئەرکی حیزبی لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە وەک ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی دیاری کرا و بەرپرسایەتی بەشی شەهیدانی پێ ئەسپێردرا. کاک ڕەحمان دوای چەند ساڵ تێکۆشانی بەرچاوی وازی لە پیشمەرگایەتی هێناو گەڕایەوە بانە کە لە لایەن ئێدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بۆ ماوەیەک دەسبەسەر کرا و تووشی ئەزیەت و ئازارێکی زۆر بوو، بەڵام هەمیشە وەک دڵسۆزێکی حیزب مایەوە هەتا بە هۆی نەخۆشییەکی درێژماوە کۆچی دوایی کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچیدوایی ئەو تێکۆشەرە، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم کەسوکاری ناوبراو دەکات و هیوانی سلامەتییان بۆ بە ئاواتە خوازە.