کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی دێهلۆڕانی کەوتە سەر مین و لاقێکی پەڕی

19:20 - 11 بەفرانبار 2718

بەڕێوەبەریی بەشی تەندروستیی دێهلۆڕان ڕایگەیاند کە بەهۆی "مین"ە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دوو کەس بریندار بوون. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا" ئەسەدوڵلا مەهاجر وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی: ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار شوانێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی " سابت خرسان" خەڵکی گوندی "برم" لە ناوچەی سنووریی "چەم هندی" کەوتە سەر مین و لاقی پەڕی کە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی خوڕاسان کرا". هەر بەپێی راپۆرتەکان ڕۆژی ڕابردوو کەسێکی تر لە ناوچەی "دەشت عەبباس" خەڵکی گوندی "ئیستقلال" سەر بە پارێزگای ئیلام کەوتە سەر مین و بەتوندی بریندار بوو. شایانی باسە کە نزیک بە ٤٢ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران لە کاتی شەری ئێران و عێراق کە مینڕیژ کراون، "مین"ەکان هەڵنەگیراونەوە و تا ئێستا خەڵکێکی زۆر بە هۆی ئەو "مین"انەوە گیانیان لە دەست داوە یا نقوستان و کەم ئەندام بووە. ڕێژیمی ئێران ئێستاش بە قسەی خۆیان بۆ پاراستنی سنوورەکان بەردەوامن لە مینڕێژ کردنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کە ئەوەش ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لە دەستدان و بریندار بوونی دەیان کەس لە خەڵکی کوردستان.