کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی خەڵک و خوێندکارانی زانستگەی تاران لە خوێندکارانی زانستگەی ئازاد

19:35 - 11 بەفرانبار 2718

بەپێی ئەو ڕاپۆرت و فیلم و وێنانەی کە بڵاوکراونەوە، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانباریی ١٣٩٧ی هەتاویی، لە سەر بانگەوازی خوێندکارانی زانستگەی ئازادی ئیسلامی، بەشێک لە خەڵک و خوێندکارانیی زانستگەی تاران بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتی و داواکارییەکانی خوێندکارانی زانستگەی ئازادی ئیسلامی و کەسوکاری قوربانییەکان، خۆپێشاندانێکیان لە دەوروبەری زانستگەی تاران و شەقامەکانی نزیک زانستگە وەڕیخستو و پشتیوانیی خۆیان لە ویست و داواکارییەکانی خوێندکارانی زانستگەی ئازادی ئیسلامی دەربڕێ. خەڵک و خوێنداکاران بە دروشمی "نترسید نترسید ما همە با هم هستیم، مرگ بر دیکتاتۆر" درێژەیان بە خۆپێشاندانەکەیان دا. لە گەڵ ئەوەی هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران لە گازی فرمێسکڕێژ کەڵکیان وەرگرت، بەڵام خەڵک و خوێندکاران درێژەیان بە خۆپێشاندان و دروشمەکانی خۆیان دا. شایانی باسە کە بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی خوێندکاران، چەند کەس لە خوێندکارەکان گیانیان لە دەست دا کە دەرکەوت ئەو پاسە بە هۆی کۆنی و خراپی تووشی ئەو ڕووداوە بووە و ماوەی سێ ڕۆژە خوێندکاران و کەس و کاری قوربانییەکان لەبەر دەم زانستگەی ئازادی ئیسلامی خۆپێشاندانیان وەڕێخستوە و داوای لەسەرکار لادانی بەڕێوەبەرانی ئەو زانکۆیە و بەتایبەتی سەرۆکی ئەو زانستگەیە " عەلی‌ئەکبەر ولایەتی" دەکەن کە ناوبراو دەسنیشانکراوی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.