کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران

21:11 - 12 بەفرانبار 2718

داوود هێرمیداس باوند، مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە بابەتێکدا کە لە ڕۆژنامەی "شەرق" بڵاو بۆتەوە، بە سەرنجدان بە بڕياری ترامپ بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریە و، وازهێنانی وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە کە لەگەڵ ترامپ لە زۆر شتدا هاوڕا نەبوو؛ نووسیویەتی: هەڵبژاردنی وەزیری بەرگریی نوێی ئەمریکا وەک کەسێکی هاوڕا لەگەڵ تڕامپ و بڕیارەکانی ئەو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناشکێتەوە. ماڵپەڕی حکومەتیی "نامەنیوز"یش نووسیویەتی: ئامانجە شاراوەکانی چوونەدەرێی ئەمریکا لە سووریە چین؟... ئەمریکا بێتوو ڕواڵەتیش لە سووریە بکشێتەوە بەڵام بەهیچ کلووجێک ئامانجە ستراتیژی و گەورەکانی خۆی لە ناوچەکەدا لەبیر ناکا.. هەرچی بێ ناوچە لەبەردەم گۆڕانکاریی و هاتنەئارای گەلێ هاوکێشەی نوێ دایە..." ئەفشار سلێمانی، دیپلۆماتی پێشووی ڕێژیمیش لە ڕۆژنامەی "جهان صنعت"دا چوونەدەرێی سەربازیی ئەمریکا لە سووریەی بە نووکی شاخەسەهۆڵەکە شوبهاندووە کە بەشی زۆری لە بن ئاودا نەدیوە و نووسیویەتی: "... بەر لە هەموو شتێک ڕوونە کە ئەمرییکای تڕامپ سووریە بداتە هەر هەر وڵاتێک و گەمەکەرێکی دی، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەجێ ناهێڵێ..." عەلی بیگدلی، کارناسی کاروباری نێودەوڵەتیش بە ئاماژە بەوەی  بەکشانەوەی ئەمریکا لە سووریە سەرنجەکان لەسەر ئێران کۆ دەبێتەوە، گوتی: سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریە دەچنە دەسرێ، بە دووی ئەوەدا ڕووسیە و تورکیە و بگرە ئێرانیش دەبێ هێزەکانیان لە سووریە بکێشنەوە. دیارە ئەوەش بۆ ئێران زەبرێکی قورسە..." ئەو لە درێژەدا دەڵێ: "... بێ و نەبێ ئێران و هێزە چەکدارەکانی دەبێ لە خاکی سووریە بکشێنەوە و بەوەش پێوەندیی ڕاستەوخۆی ئێران و حیزبوڵڵا دەپچڕێ. ئەوەش دەری دەخا کە ئەمریکا هەموو توانای خۆی لەسەر ئەمە هەڵچنیوە کە ئێران لە خۆیدا کۆ بکاتەوە و بەر بە دەستڕۆیشتووییەکەی لە ناوچەدا بگرێ و ئەگەر ئەمەی بۆ بچێتە سەر هەموو لە زەرەی ئێرانە..." کارناسێکی دیکەی ئێران بەناوی مێهدی موتەهەرنیا دەڵێ دەبێ وریای زەبری کتوپڕی ئەمریکا بین و بە شوبهاندنی ئەمریکا بە زنجیروەشێنی لێهاتوو دەڵێ: "... زنجیروەشێنی لێهاتوو زنجیرەکەی لە دەستیدا کۆ دەکاتەوە، یان لە گیرفانیدا دەیشارێتەوە و بەوەخت و لەکاتی پێویستدا لە دژی نەیارەکەی دەینهێنتە دەر و دەیوەشێنێ... لەشکەرکێشیی نوێی ئەمریکا لە کەندای فارسیش پێمان دەڵێن دەبێ ئاگامان لە خۆمان بێ..." شرۆڤەکارێکی سیاسەتی نێودەوڵەتیش لە تاران دەڵێ: "... ئەگەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڕەشەی کاربەدەستانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بێ کە ماوەیەکە باس لەوە دەکەن دەستیان دەگاتە هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام هاتنەدەرێی ئەمریکا لە سووریە و ڕاکێشانی گەلەپاپۆڕی فڕۆکەهەڵگر لە کەنداوی فارس دەکرێ پتر بۆ ئێران جێی نیگەرانی بێ..."   ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدا عەلی خوڕەم، دیپلۆماتی پێشووی کۆماری ئیسلامی و شرۆڤەکاری کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێ: "ئەمریکییەکان لەمێژە باس لە هاوینێکی بەتین دەکەن بۆ ئێران و بێتوو تڕامپ بە فیکر و مەنتیقێکی تایبەت بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریە و ئەفغانستانی دابێ، دوور نییە ئەو هاوینە بەتینە لەڕێدا بێ. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە ئەمریکییەکان بەرنامەیان بۆ ئێران هەیە و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەگەر گۆڕانکاریی نوێیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین گەرەکە، دەبێ لە پێشدا لە ئێرانەوە دەست پێبکەن..." ئەو دیپلۆماتەی پێشوو لەگەڵ ئامۆژگاریکردنی کاربەدەستانی ئێران بۆ ئەوەی دەبێ پتر هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەت و ڕەفتارەکانیان بکەن، دەڵێ: "... ئێمە نابێ لە ئێستادا هیچ بیانوویەک بدەینە دەست ئەمریکا و ئیسرائیل. حاشا لەوە ناکرێ کە ئەوان پێیان خۆشە لەو هەلومەرجەدا ئێران لە جێیەک هەڵخلیسکێ و ئەوان بە دووپاتکردنەوەی سیناریۆی عێڕاق بیروڕای گشتیی جیهان لەگەڵ خۆیان بخەن و بە هێزی سەربازی هەڵکوتنە سەر ئێران..."   * سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا