کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی ئێران

21:21 - 12 بەفرانبار 2718

ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ئەرتەش لە تاران، کرێکارانی "کاوش"ی قەزوین، وەرزێرانی پارێزگای ئیسفەهان و زیانلێکەوتوانی کاسپیەن لە ڕەشت، لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، خوازیاری وڵامدانەوە بە داواکارییەکانیان بوون. بەپێی ڕاپۆرتی "ئیلنا" ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانبار، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ئەرتەش بەهۆی بەڵێنی ناڕاستی کاربەدەستان، دەستیان دایە خۆپێشاندان. ئەوان دەڵێن لە پەیمان شکێنیەکان ماندوو بووین، لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر پارەمان داوە بۆ کڕینی خانوو بەڵام تا ئێستا ماڵ و سەرپەنایەکمان بۆ ژیان نییە. لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە کرێکارانی کۆمپانیای "کاوش" لە پێش باڵەخانەی پارێزگای قەزوین دەستیان دایە خۆپێشاندان و هۆی ئەو ناڕەزایەتییەیان گەڕاندەوە بۆ دەرکردنی ٨٠ کەس لە کرێکاران لە سەر کارەکەیان لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا. هەروەها لە درێژەی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی جووتیاران لە پارێزگای ئیسفەهان، ڕۆژی سێشەممە لە دەیەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیەکانیاندا بۆ جارێکیتر داوای مافە زەوتکراوەکانیان کرد. لە لایەکی دیکە لە شاری ڕەشت کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پووڵەکەیان پێنادرێتەوە، ڕۆژی سێشەممە ناڕەزایەتی خۆیان لەو کردەوەی بانکی ناوەندیی دەربڕی و داوایانکرد کە وڵامی داواکاریەکانیان بدرێتەوە کە ماوەی دوو ساڵە کاربەدەستان هیچ وەڵامێکیان پێنادەنەوە.