کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی خێرخواز و چالاکێکی مەدەنی لە ورمێ

06:26 - 15 بەفرانبار 2718

سۆهراب ڕەخشا چالاکی مەدەنی و نموونەی خێرخوازی کورد، خەڵکی شاری شنۆ ، بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری "ورمێ"یەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. سوهراب ڕەخشا ناوێکی ئاشنایە بۆ خەڵکی شنۆ و ورمێ لە خێرخوازی و زانست دۆستیدا، کە وەکوو کەسێکی دڵسۆز و هەڵسووڕ، لە دەگمەن دەوڵەمەند و ساماندارەکانی کوردە، کە بۆ گەشەی فەرهەنگ و زانست و خزمەتکردن بە منداڵان لە شارەکانی کوردستان چەندین قوتابخانەی بە هەزینی خۆی ساز کردووە. ئەو چالاک و خێرخوازە کە بۆ خۆی بێسەوادە، لە سەر ئەو باوەڕە کە "دەرمانی دەردی کورد" خوێندن و زانستە ، چەندین ساڵە خەریکی بنیات‌نان و دروستکردنی قوتابخانەیە لە گوندەکانی شنۆ و ورمێ و شارەکانی دیکەی کوردستان. ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شارستانی شنۆ و لە ئاواییەکانی شێخان قوتابخانەیەکی دە کلاسە ،لە نەرزیوێ چوار کلاسە و سێ کلاسەی چاک کردووە، هەروەها بۆ کڕینی کەل‌و پەلی پێویست وەک کامپیۆتەر, پرۆژکتۆر... بۆ قوتابخانەکانی شاری شنۆ چەندین میلیۆنی خەرج کردووە و سێ کانێکسی بۆ گوندێک لە سەڵماس کڕیوە و زیاتر لە پێنج قوتابخانەی لە ورمێ نەوژنکردۆتەوە. هەروەها دەگوترێ لە یارمەتی‌گەیاندن بە لێقەوماوان و کەسانی نەخۆش و پەککەوتوو هیچ کات دەریغی نەکردووە. سوهراب ڕەخشا رۆژی پێنج‌شەممە ١٣ی بەفرانبار بە تۆمەتی ئەمنیەتی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.