کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی "نیشتمان بێ تاقەتی کایەتانە" قوناخێکی نوێ دەسپێدەکا

16:43 - 15 بەفرانبار 2718

"نیشتمان بێ تاقەتی کایەتانە" ناوی کەمپەینێکە کە بە مەبەستی گرینگی‌دان بە دۆخی منداڵانی لێقەوماو و بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان ، لە سەر دەستی بەشێک لە چالاکانی خەمخۆر و دڵسۆزی ناوچەی هەورامان، لە شاری پاوە پێک‌هاتبوو، دوای ماوەیەک چالاکی و خزمەت بە خەڵکی بەڵالێدراو، لە بەیاننامەیەک‌دا کۆتایی ئەو کەمپەینە ڕاگەیاندرا. رۆژی پێنج‌شەممە ١٣ی بەفرانبار لە شاری پاوە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی حەوتووانەی ئەنجوومەنی قەڵەمی هاوچەرخی کورد ، بەیاننامەی کۆتایی هاتنی ئەو کەمپەینە و دەسپێکی قوناخێکی دیکە لە خزمەت کردن بە منداڵانی لێقەوماو بڵاو کرایەوە. لە بەشێک لە ئەو بەیاننامەیە‌دا بە ڕێزگرتن لە بە هاناوە هاتنی سەرجەم خەڵکی کوردستان بۆ یارمەتی‌گەیاندن بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو هاتووە؛ هەروەک ئاگادارن دوابەدوای بەڵای وێرانکەری بوومەلەرزە نگریسەکە، لە بەشێکی گیانی‌گیانی وڵاتەکەمان و کەوتنەوەی خەسارەت و ماڵوێرانی، دەربەدەری و لێقەومان و بە قوربان‌کردنی کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە خەڵکی ئازیزمان و کاڵ‌بوونەوە و لەکیس‌چوونی سەرجەم حەز و شایی، خەون و گەمە و کایەکانی منداڵیی کۆرپەلەکانی نیشتمان، کۆستەکە زۆر زۆر گەورە بوو و برینەکانی هەتاهەتا لە ناخ و مێژووماندا، دەمێننەوە، بەڵام خۆ ئەوەی تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر، مـایەی هیوا و هومێد و دڵ‌خۆشی بوو، جۆش و خرۆشی ملیۆنیی هاووڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکان بوو، بۆ بە هاناوەچوونی لێقەوماوان و دڵدانەوە و یارمەتی‌دانیان، کە داستان‌گەلێکی پڕشانازیی نەخشاند، بە جۆرێک کە نە تەنیا بەشێک لە خەم و ئازار و ئێشەکانی ئەوانی ڕەواندەوە، بەڵکو لە یادەوەری مێژوویی و نەتەوەییماندا، دەمێنێتەوە و نەوەکانی دواڕۆژیش بە شکۆوە هەڵوەستەی لەسەر دەکەن. بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی کەمپەینی "نیشتمان بێ‌تاقەتی کایەتانە" لە بەیاننامەی کۆتایی کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی و دابەشکردنیان بەسەر خەڵکی بەڵالێدراو بەتایبەتی منداڵە چاوگەشەکانی پارێزگای کرماشان، وێڕای دەستخۆشی کردن لە سەرجەم خەڵکی نیشتماندۆستی کورد و خەڵکانی مرۆڤدۆستی دیکە، ڕایانگەیاندوە کە لە ژیاندنەوە و هەوڵدان بۆ هیوابەخشین بە منداڵانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ، داڵاهۆ، سەلاس، دەشتی زەهاو، سەرپێڵ، قەسری شیرین، ئەزگڵە، شێخ‌سڵەو... بەردەوام دەبن. شیاوی باسە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی" نیشتمان بێ تاقەتی کایەتانە" لە حەوتووی ڕابردووش سەردانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانیان کردوەو بە دابەشکردنی کەلوپەل و پێدوایستی، دڵی بەشێک لە منداڵان و قوتابیانی پارێزگای کرماشانیان شاد کرد. کەمپەینی "نیشتمان بێ‌تاقەتی کایەتانە" بە هاوکاری ٨ ڕێکخراو و ئەنجومەنی ئەدەبی و فەرهەنگی لە ناوچەی هەورامان و شاری پاوە پێکهاتبوو. کە بریتین لە؛ بنکەی فەرهەنگی- هونەری قەڵەمی هاوچەرخی کورد/ پاوە ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیـوای(پاوە) بنکەی فێرکاری موسیقای دەنگ(پاوە) بنکەی فەرهەنگی و ئەدەبیەکانی جوانڕۆ ناوەندی کتێبخانەی نۆریاو بنکە مەدەنی و ژینگە پارێزیەکانی باینگان ، بانەوڕێ دڵسۆزان و چالاکانی ڕوانسەر بنکەی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین/ مەریوان