کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەمپێئۆ: دانانیشین ئێران مووشەکی بالستیک تاقی بکاتەوە و سەیری بکەین

16:59 - 15 بەفرانبار 2718

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێ دیکەش کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکیی بالستیک وریا کردەوە. مایک پەمپێئۆ ئەمجارەیان جیا لە پرسی مووشەکە بالستیکەکان بەرنامەی مووشەکیی ماهوارەگوێزی ئێرانیشی بردە ژێر پرسیار و گوتی هەڵدان و تاقیکردنەوەی ئەم مووشەکانە پێچەوانەی بڕیارنامەی 2231ی شووڕای ئەمنییەتە. ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانانیشی سەیری سیاسەتە تێکدەرانە و قەیرانخوڵقێنییەکانی ڕێژیمی ئێران بکا کە ئەمنیەت و سەقامگیریی نێودەوڵەتییان کردووەتە ئامانج؛ دەست لەسەر دەست دانانێ. پەمپێئۆ دەڵێ: "ئێمە بە ڕێژیمی دەڵێین واز لە ڕەفتاری دنەدەرانەی بێنێ و هەرهەموو بەرنامە مووشەکییەکانی بوەستێنێ بۆ ئەوەی پتر لە ئێستا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە تەریک نەخرێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەدا دەڵێ هەڵدانی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران دەبنە هۆی نائارامی لە ناوچە و جیهان و، فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا و زۆر لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەوە نەشاردووەتەوە. شایانی باسە ئێران دەڵێ بەرنامە ئەتومییەکانی ئامانجی ئاشتیخوازانەیان لە پشتە، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی بە گاڵتەوە لەو ئیدیعایە دەڕوانێ و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خەرمانانی ئەمساڵ و هەروەها هێرشی مووشەکی بۆ سەر دژبەرانی بەشار ئەسەد لە خاکی سووریە دوو نموونەن کە ئامانجەکانی ڕاستەقینەکانی ئێران لەو پێوەندییەدا دەردەخەن.