کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئاڵترناتیڤ وەک مەترسییەک بۆ سەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران

18:57 - 15 بەفرانبار 2718

ئەو ناڕەزایەتییانەی ئێستا لە ئێران لە ئارادایە بزووتنەوەیەکی بەتەواومانا گۆڕانخوازانەی دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. لە پلەی یەکەمدا نێوەڕۆکی نارەزایەتییەکان لاچوونی نیزامی سیاسیی ئێستای ئەم وڵاتەیە کە تەمەنی گەێشتۆتە چل‌ساڵ و بە کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر ئەمڕۆ کەمترین متمانەی پێ دەکرێ. بەڵام پرسە هەرە گرینگەکە ئێستا ئیدی لابردنی رێژیمی مەلاکان نیە، بەڵکوو خەمی گەورە ئەو فۆڕم و نیزامەیە کە قەرارە لە جێی کۆماری ئیسلامی ئێران، داهاتووی ئەم وڵاتە بەدەستەوە بگرێ و ئیدارە بکات. نەبوون یان دیارنەبوونی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو باڵی بەسەر جموجۆڵە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دژ بە دەسەڵاتی مەوجووددا کێشاوە. ئێستا خەڵک دەزانن کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ناوێ، بەڵام هیچ بەرچاوڕوونییەکیان لە نیزامی داهاتووی ئەم وڵاتە نیە. ئەم پرسە خەڵکی لە لایەک تووشی نیگەرانی کردوە و لە لایەکی دیکەوە خودی دیارنەبوونی ئەم جێگرەوەیە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکان داناوە. بەچاوخشاندنێک بەسەر دروشم وداواکارییەکانی ئەم چەند مانگەی خۆپێشاندەران لە ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکاندا دەردەکەوێ کە، خەڵک خەریکە ئاستی درووشم و داخوازییەکانی هەتا دێ نزمتر و درووشمەکانیان بێ‌نێوەرۆکتر دەبێ. تەنانەت جۆرێک ماندووبوون بە روخساری خەڵک و حەرەکەتەکانیانەوە دیارە کە بێ‌هیوان لەوەیکە لە کۆتاییدا ئەم دەرکەوت و ناڕەزایەتیانەیان بەرەوە چ ئاکامێکیان پەلکێش دەکات. ئەمە ئەو مەترسییە گەورەیە کە هەڕەشە لە جمووجۆڵە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەکات. ئەگەر ئەم مەترسییە (نەبوونی ئاڵترناتیڤ)، بە خێرایی نەڕەوێتەوە و ئادرەسێک بۆ خەڵک بە نیسبەت نیزامی داهاتووی ئەم وڵاتەوە نەبیندرێتەوە و خۆی دەرنەخات، نەتەنیا بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک تووشی بێ‌هیوایی دەبێ، بەڵکوو بۆ ماوەیەک و قۆناغێکی بەردرێژ، بە قازانجی مانەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ. ئەوەی ڕاستی بێت لە سەر ئاستی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، جووڵەیەکی هیوابەخش کە بتوانێ ئیرادەیەکی گشتی و یەکگرتوانەی لێ بکەوێتەوە، بەدی ناکرێ. ئەمە واقعیەتێکی تاڵی تایبەت بە وەزعی بەرەی ئۆپۆزیسینی ئیرانییە کە دەکرێ بەوە مانایەش لێکدانەوەی بۆ بکرێ کە هیچکام لە هێز و لایەنەکانی ئەم بەرەیە متمانەی بە نفوز و جێگەوتوویی خۆی لە نێو خەڵکی ئەم وڵاتەدا نیە. هەر خودی ئەم باسە دەتوانێ بەمانای هەڕەشەیەکی دیکەش بێت بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕانخوازیی لە ئێران، کە ئەویش هێزگرتنەوەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆی نیزامە لە چوارچێوەی بەرەی"رێفۆرمخوازی"دا. بە پێی هەموو پێوانەیەکی حەشیمەتی، زەمەنی، بیرەوەریی نەسڵەکان و دۆخی کۆمەڵایەتی لە ئێران، بەئاڵترناتیڤ‌نەبوونی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات، ئەوە تەنیا بزووتنەوەی گۆڕانخوازانەی خەڵکی ئێران نیە کە تووشی نوشست و بێ‌هیوایی دەبێ، بەڵکوو خودی ئەم بەرەیە لە ئۆپۆزیسیۆنیش لە داهاتوودا تەنیا دەبنە یادەوەرییەکی نێو کتێبە تاریخییەکان کە بێ‌گومان نەسڵەکانی داهاتوو زۆر بێ‌بایخانە ڵاپەڕەکانی دیکەیان بەسەدا هەڵدەدەنەوە.