کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی ئایینی و نیشتماندۆست بە ناچاری وڵاتی خۆی بەجێ هێشت

22:15 - 15 بەفرانبار 2718

مامۆستا "عەبدولباقی سەعیدی" مامۆستا ئایینی و وتارخوێنی پێشووی ڕۆژانی هەینی مزگەوتی " تەرخاناوا"ی بانە بە هۆی زەخت و زۆری کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وڵاتی بەجێهێشت. مانگی ڕابردوو ناوبراو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو. ئەو مامۆستا ئایینیە لە یەکێک لە وتارەکانی ڕۆژی هەینیدا ناڕەزایەتی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کورد، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەربڕیبوو و ئەو وتانەی ناوبراو ببوونە هۆی تووڕەیی کاربەدەستانی ڕێژیم و لێپێجینەوەی لەگەڵ کرا. دیارە پێشتر ناوبراو بە هۆی دژایەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێشنویژیی مزگەوتی "تەرخاناوا" وەلانرابوو. شایانی باسە کە لە هاوینی ڕابردوودا، مامۆستایەکی دیکەی ئایینی بە ناوی مامۆستا "محەممەد ئەدیبی" بە هۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی خەڵکی شاری بانە، کەوتبۆ ژێر زەخت و گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات و سەرەنجام ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێهێشت.