کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە سازی و پرسی زمانی ستاندارد 

00:46 - 16 بەفرانبار 2718

خوڵقاندن و وروژاندنی گوتاری نوێ لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هۆکاری جیاوازیی نێوان ئەم حیزبە و باقی ڕەوتەکانی تری ڕۆژهەڵاتە. وەک ڕوونە تەوفیری حیزبە ئیدئۆلۆژیکەکان دەگەڵ ڕەوتە دێموکراتیکەکان لەوە دایە؛ لە شێوە ڕوانینی یەکەم ئەوە ئیدەیەکی بەستووی دیاریکراو ڕێچکەیەک لێدەدا و لایەنگرانیشی بەدوایدا گوێ و چاویان دەنووقێنن و تێهەڵدەکەن! بەڵام لە شێوازەکەی ترا بە هۆی کراوەیی و دێموکراتبوونی باوەڕی بزاوتەکە هزری نوێ دەخوڵقێ کە دەبێتە دەستمایەی تازە و وێژمانی کۆمەڵگا. نوێکردنەوەی هیندێ چەمکی تۆز لەسەر نیشتوو و جارێکی تر هێنانەئارای لە قوناخێکی نوێ بەو هەمووە ڕوانینە چەوت و دەمارگرژانە، مێری دەوێ مەتاڵ وەدەست! سرووشتی دوای شەڕە مەزنەکان بە تایبەت لە سەد ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویەتی ئەو سنووربەندیە دەستکردانە کە لە لایەن دەوڵەتانی چەوسێنەر کێشراونەتەوە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بیری "نیشتمان پەروەری"(ناسیۆنالیزم) و کۆمەڵێک وڵاتی نەتەوەیی لە دایک بوون. ڕووداوەکانی دوای دەیەی نەوەدی زایینی نیشاندەری ئەوە بوو کە پرۆسەی نه‌ته‌وه‌سازی(دەوڵەتداری) بێ وچان هەنگاو دەنێ. لە دایکبوونی دەوڵەتە تازەکان لە باڵکان و یەکێتی سۆڤیەت دەرخەری ئەم ڕاستيیەیە کە سیستمی دەوڵەتان بە پێوانەیەکی نوێ لە حاڵەتی فراوانبوون دایە، پاش شەپۆلی سێیەم لە هاتنەناوەوەی ئەندامان بۆ نێو سیستمی دەوڵەتان (دوای جەنگی جیهانی دووهەم) و شەپۆلی چوارەم (پاش شەڕی سارد) ئەندامانی نوێ ئاڵای خۆیان لە نیۆیۆرک هەڵکرد. لەم چەند ساڵی دواییدا مۆنتینیگرۆ لە سێربیا و دوو سوودان جیابوونەوە و گەیشتنە سەربەخۆیی (٢٠٠٦،٢٠١١)، بابەتی سەربەخۆیی کۆزۆڤۆ بە شێوه‌یه‌كی سه‌رسه‌ختانه (هه‌ڵبه‌ت‌ بە دژایه‌تی  سربیا و پاڵپشته‌كه‌شی ڕووسیا) گه‌ڵاڵه‌ كرا. لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان ناسیونالیزم بە تێفکرینی باوەر بە نەتەوەسازی بیر لە گەیشتن بە سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی خۆیانن ئەم ڕەوتە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بەردەوامە؛ ڕیفراندۆم بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و یەکگرتنی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، سکاتلەند لە بریتانیا و...، جارێکیتر ئەوە دووپات دەکاتەوە کە گەلانی مافخوراو بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەدا نادەن. "ژان گاتمەن" باوکی جوگرافیای سیاسی نوێ دەڵێ، هاسانترین پێناسە بۆ هەۆڤییەت یا شۆناسی نەتەوەیی ئەوەیە کە کۆمەڵێک مرۆڤ بەم تایبەتمەندی و دیاردانە وەک یەک بچن "نیشتمانێکی هاوبەش، زمان، ئۆل، کلتوور، بیرەوەری سیاسی هاوبەش، وێژە و هونەری هاوبەش"، ئەم کۆمەڵە دیاردە و چەمکانە ناسنامە و هۆڤییەتی نەتەوەیی تیپێکی ئەتنیکی دیاری دەکا. هێنانە گۆڕێی ئاوەزمەندانەی جارێکی تری ئەم دەستەواژەیە لە مەیدانی ئێرانێکی شپرزە و شێواو بە دیرۆکێکی چێکراو، ڕۆژهەڵاتێکی ناکۆک و ئاڵۆز و ناتەبا و ڕەسەن، هاوکات دەگەڵ ورووژاندنی هەندێ گوتاری نوێ لە لایەن سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، بە دڵنیایەوە مۆدێلێکی پێشکەوتوو، باو و ڕۆژی دیپلۆماسی نێونەتەوەییە، ئەمەش ئاگاهانە بە مەبەستی ڕێکخستن و یەکدەستکردنی گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە دەوری گوتارێکی هاوبەش بۆ هەرچی کەمتربوونەوە بەربەستەکانی بەردەم بوون بە نەتەوەیە!(نەتەوە لە بواری حقوقیەوە بەو گەلانە دەوترێ بەو تایبەتمەندیانەی باسمان کرد دەگەڵ سیستەمێکی دراوی(پول) بۆ بەشداری لە ئابووری و بازاری جیهانی هەروەها بەفەرمی ناسینی لە لایەن ڕێکخراوی "نەتەوە" یەکگرتووکان بە نوێنەرایەتی و ئاڵای تایبەت). بە گشتی دەتوانین بڵێین دوو جۆر نەتەوەمان هەن؛ یا بە شێوەیەکی دەستکرد بەزەبری هێزی چڕ و نەرم و چەواشە ساز دەکرێن، وەک نەتەوەی ئێرانی، یا پێشتر بوونیان هەبووە و دەرفەتی بوون بە نەتەوە بە مانا یاساییەکەیان نەبووە وەک گەلی کورد، چۆنیەتی چێکردنی نەتەوە لە دوای لەسەرکار لابردنی ئەحمەدشا دەستەڵاتداری مەمالێکی مەحسوورەی قەجەر سەیروسەمەرە و شانسەکی نەبووە ئەوە کاری بە پلەن و جدی بۆ دارێژرابوو. ئەگە رەزاشا ئەو مێرە نەبوو و بە بیریشیدا نەدەهات فکر لە سیستەمێکی نوێی حکومەتی بکاتەوە کە بە مێتۆدی دەوڵەت-نەتەوە و یەکگرتوویی زمانی بتوانێ ناوێک بۆ ئەو جوغرافیایە دابنێ کە دواتر بە ئێرانی ناساند و لە سەر تەختی خونکاری ئاخێکی پان و بەرین پاڵی داوە؛ ئەردەشیری جی ڕێپۆرتێر و ڕێکخراوە تەناهی و سیخورییەکان بە مەبەستی تایبەتی خۆیان و بۆ قازانج و بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزە کە ئەوەیان بە ملی داهێنا و هاوتەریب دەگەڵی تورکیای نوێ و سوریە و لوبنان و...-یان دامەزراند، ئاکامەکەی ئەوە بوو دوو جار شۆناس و زمانمان ڕەوگیر کرا. ئەو کۆڵەکە و ئەستوونانەی دەبنە هۆی پەرەسەندنی بیری ناسیونالیستی و بەکاری نەتەوە سازی دێن چوار تشتی سەرەکین(بە تەکزکرن بۆ ئێمەی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵات ب تایبەتی) ١. ناسین و زانینی دیرۆکی کەون و نوێی گەل و نیشتمانی کورد(دەبێ تاکی کورد لانیکەم سەرەتەقەیەک بکا لە مێژووی، سۆمێریەکان، گۆتی، لۆلۆ، کاسی، میتانی، ئورارتوو، مانناکان، ماد و میرنشینە کوردەکانی دوای ئیسلام و شۆرشە حەقخوازەکانی کورد لە ئاخی کوردستانی سەدەی نۆزدە و بیست و هەتا ئێستاش، زۆر سەیر دەبێ ئەگە لە بریتانیایەک بپرسی و نەزانێ بۆ میناک ئانگلۆساکسۆنەکان و وایکینگەکان کێ بوونە و چۆن بوونە؟!! یا میسرییەک ئاگاداری مێژووی فیرعەونەکان نەبێ)٢.زمان و زانین و ناسینی ئەو کەسایەتیانەی خزمەتیان بە زمان و وێژە و چاندی کوردی کردووە(زۆر کارەساتبارە چۆن دەبێ ڕووسیەک ئانتوان چخۆف و لێئۆ تۆلستۆی نەناسێ و بەرهەمەکانی نەخوێندبێتەوە! یا کوردێک نەزانێ خانای قوبادی کێیە؟ خانی و فەقێ و گۆران و هێمن و هەژار و سوارە کێ بوون؟ ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی نەناسێت و نەزانێت بنووسیت و بخوێنیتەوە!!ب ە قەولی چامێسکی نەخوێندەوارانی ئەم چاخە ئەو کەسانەن ناتوانن بە زمانی دایکییان بنووسن و قسەبکەن)٣. ناسینی جوگرافیای کوردستان(هەموو کوردێک کە بخوازێ دەوڵەتی هەبێ و لە نەتەوەکەی خۆ تێبگا دەبێ جوگرافیایی مرۆیی و سروشتی نیشتمانەکەی شارەزا بێ).٤هەستی خۆ بە کورد زانین. ڕەوشی کارکردی نەتەوەسازی مێژوویی، جوگرافیای و دەروونی ئەمرۆ لە کوردستان دەگەڵ هەموو کەم و کووڕییەکانی و چەواشەکارییەکانی ڕژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی ئێران قوناخێکی باشی بڕیوە، ئێستا کورد خۆی مێژووی خۆی دەنووسێ، میدیا، ڕایەڵەکۆمەڵایەتیەکان، پسپۆڕانی کن و پشکنین و دێرینناس هی خۆمانن، لە زانستی دیرۆکی هاوچەرخ خوێندەواری ئاکادێمی و شارەزای باشمان هەن، بە هۆی ئیمکانات و شێوازی پێشکەوتووی هاتووچۆ و پەیوەندییەکان، دەزانین قارس و قامیشلی و قەڵادزێ و قووچان لە کوێ هەڵکەوتوون، بەڵام ئایا پرسی زمان لە کوێی ئەم معادلەیە هەڵکەوتووە؟ زمان نەک تەنیا ڕایەڵەی تێپەڕین بە گشت کانسێپتە ئیدئۆلۆژیکەکانە بەڵکوو خۆی ناوەندێکی  فکری و بناخەی دامەزراندنی نەتەوەییە، کارکردی زمان تەنیا بۆ پێوەندی و قسەکردن لە نێوان مرۆڤەکان نییە، بەڵکوو لەم نێوەدا پێوەندی کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە سازکردنی هێز و دەستەڵات وێنا دەکا. هەر گەلێک بۆ ناساندن و خۆڕانانی خۆی و دەرخستنی شۆناس و هوڤییەتی خۆی کەڵک لە زمان وەردەگرێ. یەکگرتوویی و ڕێکخستنی زمانی نەتەوەیی ئەورووپاییەکان لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەم، وەرچەرخانێکی مەزنی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی بوو، ئەساس و پرسی سەرەکی لەمەر زمانێکی ستاندارد و یەکگرتوو، پرسێکی سیاسی دێمۆکراتیک بوو نەک باسێکی کڵتووری. پێش شۆڕشی مەزنی فەڕانسە کە دەسەلات دە دەست ئیمپراتۆر و پاشاکان دابوو، هیچ پێویستیەک بۆ یەکێتی زمانێکی یەکدەست لە ئارادانەبوو، چوونکە زمانی دەستەڵات و زمانی خەڵکی دوو دیاردەی لێک جیاواز بوون، تاقە زمانی ستاندارد و یەکگرتووی نەتەوەیی کاتێک بایەخی پەیا کرد کە شارومەندانی ئاسایی و خەڵکی ڕەشۆکی، بە شتێک لە دەسەڵات گەیشتن، کەوابوو مافی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا هی ئەو خەڵکانە بوو کە بە نەتەوە پێناسە کران، یەکێتیی نێوان دەسەڵات و خەڵك، یەکگرتوویی زمانی دەخوازێ، بۆیە ئێلیت و رووناکبیری کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا بە پێویستی زانی ئەو دووشێوە زارەی دەوڵەت و خەڵک بخەنە قالبێکی خۆزاو و ئۆرگانیک، بیرۆکەی یەکدەستکردنی زمانی نەتەوەیی لە نێوان چینی هەڵبژاردە و خوێندەوار بە مەبەستی یەکگرتوویی نەتەوەیی بە ناوی "نەتەوە زمانی" خۆیا بوو، سەدەی نۆزدە لە ڕۆژئاوا سەدەی ڕۆشنبیرانێک بوو کە بە مەبەستی سیاسی و بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵقی خۆیان بە دەروازەی زماندا یەکێتی و یەکگرتوویی نەتەوەیان ساز کرد. لێرەدا دەبێ ئەو جیاوازیەمان لەبەرچاو بێ ئەگە لە ئورووپای سەدە نۆزدە و ڕۆژهەڵاتی ناڤینی سەدەی بیست نەتەوە سازی زمانی، زاڵمانە بە قازانجی زمانێک دەشکاوە و زمانەکانی تر قاڵ دەبوونەوە و ئاسەمیلە دەکران، لە کوردستان قەرار نییە هیچ زاراوە تەنانەت بن زارێکیش بتوێتەوە و بمرێ!. سێ بۆچوون بۆ یەکگرتوویی زمانی کوردی دەبیسرێن، ١. بە حوکمی کارپێکردنی دەسەڵات و سیاسەت لە ماوەی نزیک ٢٠٠ساڵی ڕابردوو بە زاراوەی سورانی، ئەم زارە ببێتە زوبانی سەرەکی گەلی کورد.٢.ب ە پێی حەشیمەت بێ دەبێ زاری کورمانجی سەروو(بادینی) ببێتە زبانی ستانداری کوردی.٣. تێکەڵاوێک لەهەرسێک لە زاراوە سەرکیەکانی کوردی(کورمانجی سەروو، خواروو، ناوەند). بەڵام بە ستانداردکردنی ڕێنووسی کوردیش باسێکی ترە، ئەرێ بە ڕێنووسی تازە و مۆدێرنی لاتینی بنووسین، یا هەر بەشێوەی ئارامی(عەرەبی) کە چەندین سەدەیە ئابەم شێوازە دەنووسرێ؟ کاتی نەهاتووە کوردانی باکوور هەم بۆ بەگژ داچوونەوەی سیاسەتەکانی چاندی ئاتاتورک هەمژی یەکگرتوویی ڕێنووسی کوردی نووسین بە خەتی لاتین بایکۆت بکەن؟ کاتی ئەوە نەهاتووە ڕێکخراوە مەدەنیەکان و شەبەنگی ڕووناکبیرانی ڕۆژهەڵات لە داواکاریە یاسایی و ڕەواکانی کڵتووری جێگۆرکێ بە داخوازی "خوێندنی زمانی کوردی" بۆ ، "خوێندن بە زمانی کوردی" بکەن؟ یەکێک لە رێگاکانی نافەرمانی مەدنی و تەواو دێمۆکراتیکی مهاتما گاندی بە دژی چەوسێنەرانی بریتانیا ئەوە بوو داوای لە خەڵک کرد هیچ کتێب و فیلمێک چاو لێنەکەن کە بە زمانی ئینگلیسی داهێنرابێ، دەوڵەتی گەورەی بریتانیا بەچۆکدا داهات، ئەوەش بۆ خزمەتکردن بە زمانی هێندییەکان بوو کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەر بوو(ئێستا لە هیندوستان زمانی فەرمی ئەیاڵاتەکان ٢٢زمانە جگە لە زمانی فەرمی و نەتەوەیی هیندی) بۆچی ئێمەش ناتوانین کەمپەینێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بایکۆت کردنی زمانی فارسی ڕابگەهێنین؟ تەنیا وەک مافێکی سروشتی ئێمە ئەو حەقە لە خۆمان دەستێنینەوە کە بە زمانی فارسی نانووسین، ناخوێنینەوە، قسەناکەین و مناڵەکانیشمان نەنێرینە قوتابخانەیەک کە ئەو مافەی لە ئێمە ستاندووە بە زمانی دایکی خۆمان بژین؟هەر ڕاست ئەمرۆ ڕۆژی هێنانە بەرباسی ئەو پرسانەیە لانیکەم خەڵکەکەمان ئامادە دەکەین بۆ چاکسازی نەتەوەیی و بۆ گوتاری هاوبەش بۆ نەتەوە ساز کردن، سەرجەم ئەو پرسانە پێویستن یەکلایی ببنەوە و وەک پرسەکانی تر کەڵەکە نەبن و دواتر ببنە کێشە و چارەسەر کردنیان خەیاڵ بێ و بە وروژاندنیان هەڵبەزینەوە.