کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو تازە لاوی بانەیی ٢٠ ڕۆژە دەسبەسەرکراون

15:57 - 17 بەفرانبار 2718

میلاد ڕەحیمی کوڕی نووری، تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی کانی‌سووری بانە و مێهدی کوڕی حەسەن کانی بەرد زیاتر لە ٢٠ رۆژە دەسبەسەر و چارەنووسیان ناڕوونە. بەپێی هەواڵێک کە لە شارەی بانەوە بە دەستمان گەیشتووە ئەو دوو تازە لاوە پاش دەسبەسەرکران گواستراوەنەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە. بەپێی هەمان هەواڵ لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە موولاقات و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و لەسەر هۆکاری دەسگیرکردنیشیان هیچ زانیارییەک بڵاو نەبۆوەتەوە. گرتن و دەسبەسەرکردنی لاوان و تازە لاوان لە کوردستان کە زیاتر بە تۆمەتی ئەمەنیەتی دەسبەسەر دەکرێن لە کاتێک دایە کە بە پێی ڕاپۆڕتی وەرزانەی "چاونیوز" هەر لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا 201 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. هەروەها بەپێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی‌دا ڕێژەی پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی ئیران زیاتر بووەو پشکی کوردستان لەو پێوەندییە‌دا زیاترە.