کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی نوێنەرێکی مەجلیسی ئێران لە سەر دەستەوەستانیی ڕێژیم

21:38 - 17 بەفرانبار 2718

یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبارلە قسەکانی دا هۆشداریی دا کە شیمانە دەکرێ ڕێژیم لە شەقامەکانی تاراندا دەستەوەستان بێ. جەلیل ڕەحیمی جەهان ئابادی سەرۆکی کۆمیتەی نێونەتەوەیی کۆمیسیۆنی حقوق و دادی مەجلیس ڕایگەیاند کە یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو لە گەڵ ئەوەی کە ١٣ هەزار کڵاوەی ناوکی هەبوو بەڵام لە شەقامەکانی مۆسکۆ لێکهەڵوەشا. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: ئێمە لە بەستێنی سیاسەتی دەرەوەدا تێچووی زۆرمان داوە، ئەگەرچی بوونی ئێمە لە ناوچەکەدا گرینگە بەڵام نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە هێندێک جار تێچووی زۆر لە دەرەوە، لە شەقامەکانی تاراندا دەستەوەستان دەمانهێڵێتەوە. جەهان ئابادی ئاماژەی بە یەکیەتیی سۆڤیەت کرد کە لە کاتی لێکهەڵوەشانیدا ١٣ هەزار کڵاوەی ناوکی هەبوو، کاریگەریی لە سەر ٢٠ وڵاتی جیهاندا هەبوو و لە لەوێدا بوونی خۆی سەلماندبوو، خاوەنی ناوەندی فەزایی بوو، بەڵام لە شەقامەکانی مۆسکۆدا لێکهەڵوەشا و، یەکیەتیی خاکەکەشی لە دەست دا. ئەو نوێنەرەی ڕێبازی سوننە لە مەجلیس، ئاماژەی بە دۆخی خراپی ئابووریی ئێراندا و گوتی: ئەمڕۆ خەڵک بۆ بژیوی ژیانی خێزانەکەیان کێشەیان هەیە و ئێمە ئەگەر نەتوانین بیرێک لە چارەسەریی تێچووی زیادەی سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆیی بکەین ئەوە لێرە تێچووی زۆر دەدەین، زەربە لە ئەمنییەتی نەتەوەیی، نەک لە لایەن دژمنان بەڵکوو لێرە لێمان دەدرێ. وتەکانی ناوبراو لە کاتێکدایە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا فائیزە هاشمی کچی ڕەفسەنجانی و حەسەن خومەینی نەوەی خومەینی باسیان لە هەڵوەشانی ڕێژیم و دۆخی خراپی نێوخۆیی کردبوو.