کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەر سەرکوتی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران

21:46 - 17 بەفرانبار 2718

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتێک لە لایەن "میشل فۆرست" ڕێپۆرتێری تایبەتی ئەو ڕێکخراوەیە ، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی پارێزەرانی مافی مرۆڤ کردووە و لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە سەرکوت لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کرواە. لەو راپۆرتەدا هاتووە کە سەرکوتی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ دا زیادی کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا بۆ نموونە ئاماژە بە پارێزەرانی مافی ژنان، دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ، کرێکاران، ڕۆژنامەنووسان و هتد... دراوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا" ئۆرگانی هەواڵدەریی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نووسیویەتی کە ئەو ڕاپۆرتە زیاتر لە سەد لاپەڕەیە و بەشێکی تەرخان کراوە بۆ سەرکوتی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران . لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، ڕێژیمی ئێران پارێزەرانی مافی مرۆڤ بە هەڕەشە دەزانێ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و، هەر بەو هۆیەش هیچ یاسایەک بۆ پاراستنی ئەو پارێزەرانە نییە. دەوڵەتی ئێران پارێزەرانی ماڤی مرۆڤ بە جاسووسی بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی و کردەوەی تێرۆریستی تاوانبار دەکا. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان نەک هەر لە سەر دۆخی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، بەڵکوو لەسەر پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان، پارێزەرانی داد، چالاکانی مافی ژنان، چالاکانی خوێندکاریی، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ئەندامانی کەمایەتیە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەربڕی و دەڵێن ئەوان هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی گرتن و دەسبەسەرکرانی نایاسایی دان و، لە کاتی دەسبەسەر کردندا ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن، بە شێوەیەکی ناعادڵانە تۆمەتبار دەکرێن و حوکمی زیندان و لە سێدارەدانیان بە سەردا دەسەپێنن، لە ئیمکاناتی دەرمانی بێبەش دەکرێن و تەنانەت بنەماڵە و مناڵەکانیشیان ئەمنییەتیان نییە و لە ژێر هەڕەشەدان. "ئازادی ڕادەربڕین تەنیا بۆ مێدیاکانی حکوومەتە و بێجگە لەوان هەر جۆرە دەنگ و مێدیایەک سەرکوت دەکرێ و هەموو ڕاگەیەندنەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت دان . جێی ‌وەبیرهێنانەوەیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ لە کاتی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا ٢٢ هاونیشتمانی کوژراون، زیاتر لە هەزار کەس خراونەتە بەندیخانە و ١٩ خوێندکار سزای توندی زیندانیان بەسەردا سەپاوە.