کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدانەوەی هەبوونی ئەشکەنجە لە گرتووخانەکان و بەندیخانەکانی ئێران

16:03 - 18 بەفرانبار 2718

دوای دەنگدانەوەی قسەکانی سمایل بەخشی لە بارەی ئەشکەنجەکرانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، بەرپرسی دەزگایی قەزایی کۆماری ئیسلامیش لەو پێوەندییە‌دا بە ناچاری وەدەنگ هات. سادق لاریجانی بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران لە وڵامی ناڕەزایەتییەکان بە هەبوونی ئەشکەنجە لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات و بەندیخانەکان بە لاتاولێدان گوتویەتی: "زیندان کە هوتێل نیە و کەشی تایبەتی خۆی هەیە". ناوبراو بە دژی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە بارەی ئەشکەنجەکرانی سمایل بەخشی ڕایگەیاندوە ؛ کە هێندێک کەس پێیان وایە بەندیخانە هوتێلە ! هەروەها لە دڕێژەی قسەکانی‌دا بۆ پاکانە هێنانەوە دەڵێ: ئەگەر بازجۆ یان مەئموورێکی ئیتلاعات هەڵەیەکی کردووبێت نابێ بە هەڵەی کۆی دەزگای قەزایی حیساب بکرێ! شیاوی باسە لە وڵامی قسەکانی بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران کرێکارانی ناڕازی "هەفت تەپە" ڕایانگەیاندوە؛ "بەرپرسی دەزگای قەزایی، تکایە گاڵتە بە هەست وشعووری ئێمە مەکەن! دەزانین زیندان هوتێل نیە، بەڵکوو باسی ئێمە لە سەر هەبوونی ئەشکەنجە و ئازارە لە گرتووخانەکانی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران، ئەویش تا ئاستی گیانەڵڵا" . کرێکارانی هەفت‌تەپە لە درێژەی وڵامی هەوڵەکانی بەرپرسی قەزایی بۆ سەرپۆش‌دانان لەسەر قسەکانی سمایل بەخشی دەڵێن؛ تەنیا هەڵەی یەک"بازجۆ" نیە بەڵکوو لانیکەم لە سەرکوت وئەشکەنجەی کرێكارانی بەندکراودا، نیزیک بە دە کەس لە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستیان هەبووەو، ئەوەش نیشان لەوەیە کە ئەشکەنجە لە سیستمی قەزایی و بەندیخانەکانی ئێراندا جێ‌کەوتووە. هەروەها لە درێژەی کاردانەوەکان بە نیسبەت نامەی سمایل بەخشی کرێکاری بەندکراو، حەسەن ڕوحانی سەرۆک‌کۆماری ئێرانیش دەستووری بەدواداچوونەوەی داوە بۆ ئیدیعاکانی سمایل بەخشی کە لە نامەیەکدا ئاشکرای کردوە کە لە ماوەی دەسبەسەرکرانی‌دا بەتوندی ئەشکەنجە کراوەو بۆ سەلماندنی قسەکانیشی داوای دیبەتی کردوە لە بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران.