![](/files/hajialiiishashaiii.jpg)
بە پێی هەواڵێک کە لە شاری بانەوە بە دەستمان گەشتووە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٧ی جانیواری ٢٠١٩ی زایینی، حاجی عەلی شیشەیی ناسراو بە حاجی عەلی مام سەعیدی ساوان، باوکی ژنە تێکۆشەری دیموکرات خاتوو مریەم شیشەیی هاوسەری فەرماندەی بەوەج و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک سدیق شوێی بە نەخۆشی و پیری لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک حاجی عەلی یەکێک لەو مرۆڤە خۆشناو و کورد دۆستانەی ناوچەی بانە بوو کە هەم سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی وهەم سەردەمی ڕژیمی ئیسلامی پشتگیر و پشتیوانی تێکۆشەرانی دیموکرات بوو. هەر کاتێک هێزی پێشمەرگە ڕووی لە گوند و ناوچەکەی ئەوان بکردایە، دەرگای ماڵی حاجی عەلی بەڕوویاندا کراوە بوو و بەو پەڕی دڵ ئاوەڵاییەوە پێشوازی لە ڕۆڵەکانی گەل دەکرد. حاجی عەلی پەیوەندییەکی گەرم و گوڕی لەگەڵ تێکۆشەرانی دێرینی دیموکرات لە ناوچەی بانە هەبوو و بە درێژایی چەندین ساڵ خەباتی ئاشكرای بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیرێکی قورس و قاییمی زاوا و کچە تێکۆشەرەکەی بوو. کاک حاجی عەلی پیاوێکی خۆشەویست، کورد پەروەر و ناسراوی ناو کۆمەڵانی خەڵک بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە خۆشەویستەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەس و خزمانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت خاتوو مریەم و کاک سدیق شوێی دەکات و خۆمان لە خەمیاندا بەشەریک دەزانین.