کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

21:40 - 19 بەفرانبار 2718

لە دریژەی بانگکران و دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنیی کورد، رۆژی سێ‌شەممە ١٨ی بەفرانبار ی ٩٧ی هەتاویی دوو هاونیشتمانی دیکە، بە ناوەکانی" ئارام ئەدوایی و بۆرهان ئەدواییان" خەڵكی گوندی سلێن سەر بەناوچەی هەورامانی تەخت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوەدەسبەسەرکران و بۆ شوینێکی نادیار گواستراوەنەتەوە. تاکاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو دووکەسە هیچ زانیارییەک بڵاو نەبۆوەتەوە. شیاوی باسە لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٢ کەسی دیکە لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی کورد لە پارێزگای سنە بە تۆمەتی ئەمنیەتی دەسبەسەرکراون. بەگوتەی ئەحسن حەسەن‌پوور، پارێزەری بەندکراوانی ژینگە پارێز، لە کاتی دەسبەسەر کرانیاندا بە تووندی هەڵسوکەوتیان لە گەڵ کراوە. هەروەها جێگری پارێزگای سنە ژینگەپارێزانی دەسبەسەرکراوی بە "هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نیشتمانی و چەک‌هەڵگرتن بە دژی نیزام" تاوانبار کردوە. هێندیک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنیی کور، ئەو ڕەشبگیرییە بە پیلانێکی نوێی ناوەندە ئەمنیەکان بەدژی چالاکانی ژینگەپارێز و کەسانی هەڵسووڕ دەزانن. شووناسی چالاکانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شارەکانی سنە، کامیاران، بانە بەم شێوەیە: ئامانج قوربانی، بەختیار کەمانگەر، میهدی کانی سووری، بەرزان بابەکری، زانیار زمیران، فەرهاد محەممەدی، قازڵ قویتاسی، ڕەزا ئەسەدی، هادی کەمانگەر، ڕەشید مونتەزێری، عیسا فەیزی، حوسێن کەمانگەر