کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادستانی گشتیی ئێران: دۆخی ئابووریی ئێران ئاسایی نییە

16:18 - 20 بەفرانبار 2718

دادستانی گشتیی ئێران، محەممەد جەعفەر مونتەزری، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی پێداگریی لە سەر ئەوە کردەوە کە دۆخی ئابووریی ئێران ئاسایی و سروشیی نییە. ناوبراو داوای لە کاربەدەستانی حکوومەت کرد کە پێویستە لەو بارەوە بڕیاری بە پەلە بدەن و خیانەتە ئەگەر بڕیارە ئابوورییەکانیان بۆ کاتی ئاسایی بێ چونکە ئێستا ئابووریی ئێران پێویستی بە بڕیاری بە پەلە هەیە. ناوبراو رایگەیاند، بەرپرسانی وڵات باش دەزانن کە وڵات لە شەڕی ئابووریی دایە و لە کاتی شەڕدا ناکرێ کێشەکان بە دروشم و بڕیار و بەرنامەی درێژماوە چارەسەر بکرێن. ئەو دەمڕاستی ڕێژیمە دانی‌بەوەدانا " شەڕی ئابووریی گاڵتە نییە" و ئێستا خەڵک بۆ دابینکردنی پێویستییەکانیان وەک گۆشت، هێلکە، مریشک و شتەکانی دیکە لەم بابەتە تووشی کێشە بوون. شایانی باسە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران بە پێچەوانەی دروشم و هەڕەشەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەیەکی کورت دا کاریگەریی خۆیان لە سەر دۆخی ئابووریی ئێران و ژیانی خەڵک دانا. کاربەدەستانی ڕێژیم بە سیاسەتی هەڵە، پشتیوانی لە تێرۆریزم، گەندەڵی و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، وڵات و خەڵکی ئێرانیان تووشی قەیران کردووە، سامانی وڵاتیان بەفیڕۆ داوە و ناتوانن وڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران بن و ڕۆژبەڕۆژ دۆخی وڵات لە هەموو بارێکەوە بەرەو قەیران و ئاڵۆزیی دەچێ.