کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یازدەهەمین کۆڕی خوێندنەوە و ڕەخنەی کتێب لە لایەن خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان بەڕێوەچوو

23:46 - 20 بەفرانبار 2718

خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان لە یازدەیەمین کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی "کتێب"، ڕۆمانی "گەتسبیی مەزن"یان تاوتوێ‌کرد. بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی هاژە ، رۆژی چوار شەممە ١٩ی بەفرانبار رۆمانی "گەتسبیی مەزن" بەرهەمی نووسەری ئامریکایی "ئیسکات فیترجراڵد" لە کۆڕی خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان لە ڕوانگە جیاجیاوە خرایە بەر باس و گفتوگۆی لەسەر کرا. خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیاندا بۆ یازدەهەمین کۆڕی خوێندنەوە و رەخنەی کتێب ئەو جار رۆمانی گەتسبیی مەزن نووسراوەی نووسەری ئامریکایی ئیسکات فیترجراڵدیان خوێندنەوە و پاشان هەرکام لە بەشداربووان سەرنج و خوێندنەوەی خۆیانیان لەسەر ناوەڕۆکی ئەو ڕۆمانە بۆ ئامادەبووان باس کرد. لەو کۆڕە ئەدەبییە‌دا کە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە خاتوونەکانی کتێب‌دۆستی بۆکانی بەڕێوەچوو، سەرەتا "خاتوو ماپارە ئیبڕاهیمی" وتارێکی لە ژێر ناوی "واتا سەرەکییەکان لە رۆمانی گەتسبی مەزن بە جەخت لەسەر رەچەڵەکناسی کەسایەتییەکان" پێشکەش کرد. پاشان "رەچەڵەکناسی کەسایەتی بە کاریگەریی وەرگرتن لە جوغڕافیا جوداکانی ناو رۆمانی گەتسبی" لە لایەن "خاتوو لەیلا ساڵحی"یەوە خوێندرایەوە وتاری "رەخنە ی پەروەردەی کەسایەتی و هێزی گێڕانەوە لە گەتسبی دا" بابەتێکی دیکە بوو کە "خاتوو فەوزیە سوڵتانبەگی" پێشکەشی کرد دوایین وتاری بەشی یەکەمی ئەو کۆڕە ئەدەبییە، وتاری "سەمبوڵە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆمانی گەتسبی مەزن دا" بوو کە خاتوو نەسرین مەنگوڕ" خوێندیەوە. لە بەشی دوویەمی ئەو کۆڕە لە گفتوگۆیەکی کراوەدا بەشێک لە بەشداربووان پرسیار و سەرنجی خۆیان باس کرد کە لە لایەن چەندین خاتوونی دیکەوە وڵامی درانەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕەدا کیژۆڵەی هۆگری ئەدەبیات "هیلیا کامیاب" کە ١٢٠ بەیتی ناڵەی جودایی "مامۆستا هێمن"ی لەبەر بوو، بە خوێندنەوەی ناڵەی جوادیی جیلوەیەکی جوانی بەو کۆڕە بەخشی. شیاوی باسە لە کەناری کۆڕی خوێندنەوە و ڕەخنەی ڕۆمانی "گەتسبیی مەزن" نێگارکێش خاتوو "بەهار قادری" بە کێشانەوەی یەکێک لە مۆتیڤەکانی ئەو ڕۆمانە، تابلۆیەکی هونەری خوڵقاند. جێی‌ئاماژەیە "گتسبیی مەزن" ناوی کاراکتەری رۆمانی نووسەری ئامریکایی "ئیسکات فیترجراڵدە" کە بۆ یەکەم‌جار لە ساڵی ١٩٢٢ ی زایینی بڵاو کراوەتەوە.