کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکارەکانی زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتی بەسەر کوردستاندا

16:23 - 22 بەفرانبار 2718

ترسی ئێران لە گۆڕانکارییە خێراکان بووەتە هۆی ئەوەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کەشی ئەمنیەتیی زیاتر بەسەر کوردستاندا بسەپێنن. ئاماری گرتن و بەندکردنی لاوان و چالاکانی کورد لە کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران دەری دەخەن کە ڕێژیم بە هەستیاریی زیاترەوە سەیری کوردستان دەکا و دەیەوێ بە دەکارکردنی کەشی سەرکوتی زیاتر پێش بەو پێشهاتانە بگرێ کە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان دروست دەکەن. سەیر نییە کە دەبینی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم (ئیدارەی ئیتلاعات و بەشی ئیتلاعاتی سپای پاسداران) لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا پتر لە 520 کەسیان لە کوردستان بە تۆمەت و بیانووی جۆراوجۆری وەک هەوڵدان دژی ئەمنیەتی وڵات، پڕوپاگندە بە دژی دەسەڵات و هاوکاریکردنی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی گرتووە و لە بەندیخانەیان پەستاوتوون. ئێستا لە گەڕی توندترکردنی ئەم گوشارانەدا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی سپای پاسدارانی شاری ماکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر خەڵکی ئاواییەکانی "یارمەقی سەروو، یارمەقی خواروو، خەرمانیەری، قلیشکا، تیکمە، ئەداخان، بێری، گریک، حاجۆ، حاجی حەسەن و سەلبەند"یان کردووە کە لە سەعات 10ی شەو بەدواوە بۆیان نییە بێنەدەرێ و مافی هاتوچۆیان نییە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕێگری و بگرەوبەردانە هێزەکانی سپای پاسداران بە گواستنەوە و جێگیرکردنی چەکوچۆڵی قورس لە سنووری بازرگان کەشێکی ئەمنیەتیی تەواو قورسیان بەسەر ناوچەکەدا زاڵ کردووە. هەروەها جەولەکانی هێزەکانی سپای پاسداران بەبیانووی حزووری هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستان لە ناوچەی شنۆ و ناوچە سنوورییەکانی دیکەی کوردستانیش زیادی کردووە. زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتی بەسەر کوردستان لە هەموو ماوەی چوار دەیەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا دیار و بەرهەست بووە و ناوەندە سەربازی و ئەمنیەتییەکان بەردەوام ویستوویانە لەڕێگەی زەبروزەنگ و هەروەها سەپاندنی کەشی ترس و تۆقان و، هاوکات لەڕێگەی نەرمی وەک دروستکردنی قەیرانی شوناس و سیخوڕپەروەری کوردستان لە خسڵەتی شۆڕشگێری و سەربزێوی و مافخوازی دابماڵن. ئەم هەوڵانە بەڵام ئاکامی دڵخوازی بۆ ڕێژیم نەبووە و کوردستان نەوە دوای نەوە هەروا مافویست و شۆناسخوازە و لە سەنگەری بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم دایە. لە تازەترین پیلان و دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەتایبەت سپای پاسداران زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە سپای پاسداران لە مەریوان دەیەوێ دەست بەسەر دامەزران و چنینی مودیر و مامۆستای قوتابخانەکاندا بگرێ و بەکردەوە بەشی خوێندن و پەرورەدەش لە پاوانی خۆی بنێ. مامۆستا و چالاکانی فەرهەنگیی شاری مەریوان دەڵێن ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە ئیدۆلۆژیککردنی کەشی خوێندنگەکان و هەڵپێچان لە قوتابی قوتابخانەیان لە گەشە و نەشە خستووە و تەنانەت ڕێ لە بەخشنامەکانی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی بۆنە و ڕێوڕەسمە خۆجێییەکانیش دەگرن. زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتی بەسەر کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە نیشانەی ترسی زۆری دەسەڵاتە کە باش دەزانێ هیچ پێگەیەکی لە نێو خەڵکدا نییە و بە زەبری هێز و سەرکوت نەبێ ناتوانێ لەو شوێنانە بمێنێتەوە. ئەو دەزانێ کە خەڵکی کوردستان نەک هەر هیچ متمانەیەکیان بەو ڕێژیمە نییە، بەڵکوو بە چ ڕق و نەفرەت و بێزراوییەک سەیری دەسەڵات دەکەن و چوار دەیە سەرکوت و کوشتوبڕ نەیانتوانیوە ئەوان لە داواکردنی ماف و ئازادییەکانیان سارد بکەنەوە؛ بۆیە چاوەڕوانی هەلێکن تا بە بە یەکجاری تەمەنی ئەم ڕێژیمە نگریسە تێکەوەپێچن.