کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانییەکی سەقزی یەکساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

22:03 - 23 بەفرانبار 2718

کەسێکی خەڵکی شاری سەقز بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە بەرهەڵستکارەکانی ڕێژیم یەکساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردوتەوە کە دەزگای قەزایی کۆمار ئیسلامی حوکمی یەک ساڵ زیندانی بە سەر هاونیشتمانییەک بەناوی " فەرهاد مەلەکی" خەڵکی شاری سەقز سەپاندوە. ئەو هاووڵاتییە رۆژی ٢٦ی بەفرانباری ساڵی ٩٥ی هەتاویی ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان " لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا. فەرهاد مەلەکی پاش ماوەیەک بێخەبەری و ڕاگرتنی لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەو چالاکە سیاسییە لە لایەن دادگای ئینقلاب بە یەکساڵ زیندان سزا دراوە. بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا 201 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 66 کەس لەوان حوکمی 2 مانگ تا 15 ساڵ (سەرجەم 1786 مانگ) زیندانییان بەسەردا سەپاوە.