کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکراکردنی گەڵاڵەی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران

22:34 - 24 بەفرانبار 2718

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە مانگی سێپتامبێری ساڵی رابردوو لە سەر داوای "جان بۆڵتۆن" بۆ ئامادە کردنی چەندین بژاردەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران، ڕەزامەندیی پێشان داوە. ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژورناڵ" ڕۆژی یەکشەممە نووسی: سەرەتای مانگی سێپتامبێری ڕابردوو بە چەند خۆمپارە و مووشەک هێرش کرایە سەر ناوچەی دیپڵۆماسی لە "بەغدا"ی پێتەختی عێراق و دەوروبەری بالوێزخانەی ئەمریکایان پێکا کە ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی گومانەکان بۆ جارێکی تر بخرێنەوە سەر گرووپە شیعەکانی سەر بە ئێران. ئەو کردەوەیە بۆ جارێکیتر لە "بەسرە" دووپات کرایەوە و لە ئاکامدا "جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاریی ئاسایشی دەوڵەتی ئەمریکا خوازیاری دژکردەوەیەکی توند بوو بەو کردەوەیە. بۆ ئەو مەبەسەتەش داوای لە "پێنتاگۆن" کرد بژاردەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران ئامادە و پێشنیاز بکا. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کاربەدەستانی ڕەسمی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕەزامەندیی خۆیان بەو داواکارییەی "بۆڵتۆن" پێشان داوە، بەڵام جارێ هیچ زانیاریەک لە سەر گەڵالەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئاشکرا نەکرواە. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە "تڕامپ" سەرۆک کۆماریی ئەمریکا لەو گەڵالەیە ئاگادار کراوەتەوە و تەنیا نیگەرانیی ئەمریکاییەکان بۆ هێرش کردنە سەر ئێران ئەوە بووە کە لە چ ڕیگایەکەوە زەبر لە ڕێژیمی ئێران بدەن کە زیان بە خەڵکی ئێران نەگەیەنن.