کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ هۆشداریی دایە دەوڵەتی تورکیە لە ئەگەری هێرشی سەربازیی بۆ سەر کوردەکان

22:36 - 24 بەفرانبار 2718

لە کاتێکدا کە ئەرتەشی تورکیە خۆی بۆ هێرشێکی بەربەرین ئامادە دەکا بۆ سەر کوردەکانی "ڕۆژاوای" کوردستان، "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تویتێکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی چوونە دەری هێزەکانی ئەمریکایی لە سووریە، ڕایگەیاند کە ئەگەر دوای چوونە دەری هێزەکانی ئەمریکایی لە سووریە، دەوڵەتی تورکیە هێرش بکاتە سەر کوردەکان، ئەوە ئەمریکا ئابووریی تورکیە وێران دەکا. دەوڵەتی تورکیە ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەڕەشەکانی تڕامپ لە بارەی هێرشی تورکیە بۆ سەرە کوردەکانی سووریە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش ئەمریکا داوای لە تورکیە کردبوو لە بیری هێرشکردنە سەر کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا دا نەبێ. ئەو کات " ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیە بە توندی ئەو داوایەی ئەمریکای ڕەتکردەوە و گوتی: جیاوازیەک لە نێوان "داعش" و " یەپەگە"دا نییە. هەر لەو پێوەندییەدا " ئیبڕاهیم کاڵین" وتەبێژی " ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" گوتی چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا ئەوەیە کە پێبەندی هاوپەیمانەتی ستراتیژیکی خۆی بێ لە گەڵ تورکیە. تڕامپ هەروەها ئاماژەی بە ناوچەیەکی ئەمنی ٣٢ کیلۆمیتری کرد، ڕێگا چارەیەک کە پێشتر " مایک پۆمپئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵی دابوو وتووێژی لە بارەوە بکرێ. بەپێی ئەو گەڵالەیە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردی ڕۆژاوای کوردستان، " ئەنەکەسە" نزیک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ٧٠٠٠ کەس دەبن لە سنوورەکانی نێوان سووریە و تورکیە جێگیر دەبن بەڵام تا ئێستا نە حکوومەتی تورکیە و نە " یەپەگە" ڕەزامەندیان بۆ چوونی ئەو هێزە دەرنەبڕیوە.