کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکست و داڕمانی سیستەمی ئیداریی و بەڕێوەبەرایەتیی حکوومەتی ئێران

22:44 - 24 بەفرانبار 2718

لەگەڵ پەرەگرتنی قەیرانە هەمەلایەنەکانی حکوومەتی ئێران، دەمڕاستەکانی ڕێژیم، هەرکام بەپێی پێگەی جیناحی خۆی، هەوڵدەدا باڵەکەی دیکەی ڕێژیم تۆمەتبار بکا بە ئاڵۆزی و بێسەرەوبەرەیی نێوخۆیی. لە پێوەندی لە گەڵ هەڵاوسانی ئابووریی و قەیرانەکانی نیوخۆیی ڕێژیم، "موحسین ڕەزایی" سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم و فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە سیستمی ئیداریی و بەڕیوەبەرایەتی وڵات تووشی دەستەوەستان و بن‌بەست بووە. ناوبراو داوای کرد کە کاروباری ئابووریی بە هێزەکانی سپا و بەسیج بسپێردرێن. پێشتریش فەرماندەرانی سپای پاسداران باسیان لە ناکارامەیی دەوڵەتی "رووحانی" کرد لە پێوەندی لە گەڵ ئەو قەیرانانەی کە وڵاتی ئێرانی گرتۆتەوە و داوایان کرد کە بۆ ڕایی کردنی ئەو دۆخە، سپای پاسداران دەسبەکار بێ. "موحسین ڕەزایی" لە کۆبەەنەوەیەکدا لە گەڵ پاسدار و بەسیجییەکان، ئاماژەی بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کرد و ڕایگەیاند کە لەم کاتەدا ناکرێ حیساب لە سەر وڵاتانی دەرەوە بکەین. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: "خەڵک دەپرسێ کە کێ لە فکری ئێمە دایە و کێ هاوکاریمان دەکات". کاربەدەستانی سپای پاسداران دەوڵەتی "رووحانی" تۆمەتبار دەکەن کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە خەمسارد و بێ بەرنامەیە. موحسین ڕەزایی یەکێک لەو کەسانەیە کە تا ئێستا چەند جار هێرشی کردۆتە سەر دەوڵەتی ڕووحانی. ناوبراو باسی لە دۆخی خراپی وڵات و تێکچوونی شیرازەی ئابووری وڵات کرد و گوتی؛ لەم کاتەدا نابێ دەست لە سەر دەست دابنێین و تەسلیم بین. ناوبراو پێی وایە کە حکوومەت توانای وڵامدانەوەی بەو دۆخە نییە و هەر بۆیە پێویستە سپا و بەسیج بێنە مەیدان و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.