کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ماڵی هۆرە" لە شار شادبادی کرماشان کرایەوە

15:28 - 25 بەفرانبار 2718

رۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار لە شاری شاباد لە ڕێوڕەسمێك‌دا " خانووی هۆرە" کرایەوە. بە پێی هەواڵی سەرچاوەخۆجێیەکان، رۆژی ڕابردوو٢٤ی بەفرانبار بە پێشوازی خەڵکی ناوچەی شاباد و بە بەشداریی هونەرمەندانی کرماشانی کەسانێک وەکوو مامۆستا کەیهان کەلهۆڕ و مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی "ماڵی هۆرە"بە مەبەستی گرینگی‌دان بە ئاوازی ڕەسەنی "هۆرە" کرایەوەو لەو پێوەندییەش‌دا بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای کرماشان لە دەسپێکی ئەو ڕێوڕەسمەدا گوتی؛ هۆرە شێوە ئاوازێکی ڕەسەن و کۆنی کوردە، کە تێکڵاوە لە گەڵ، شووناس، شۆڕش، غیرت و جوامیری خەڵکی کورد. کرانەوەی ماڵی هۆرە لە کاتێکدایە کە پێشتر بە هەوڵ و ماندووبوونی هونەرمەندان و ژەنیارانی کورد، "ماڵی تەمبوورە" لە شارۆچکەی گواووڕ ، "ماڵی دەف" لە پاوەو ماڵی "موور" لە هەرسێن لە پارێزگای کرماشان کراوەتەوە و توانیویەتی کۆمەڵێک فێرخواز و مامۆستای مووسیقی لەو ماڵانە کۆ بکاتەوە. کرانەوەی خانووی تایبەت بە ئاواز و مەقامە کۆنەکانی مووسیقی کوردی بۆ پاراستنی ئەو بەشە لە میووزیک و هەروەها لە زیندوو ڕاگرتنی میلوودییە کوردییەکان و ناساندنی بە نەوەی داهاتوو هەوڵێکی فەرهەنگییە کە لە کوردستاندا بەردەوامە . شیاوی باسە ئاوازی هۆرە هەم لە شایی و هەم لە شیوەنی خەڵکی کورد بەتایبەتی لە نێو خێڵی کەلهۆڕ جێگەی تایبەتی هەیە و، بە گوتەی کارناسانی بواری مووسیقی ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش زەردەشت و لە ئاوازە هەرە کۆنەکانی گەلی کوردە. ئەگەرچی هۆرە لە پارێزگای سنە، کرماشان و ئیلام لە گەشەدایە، بەڵام هەڵبژرادی شاری شادباد بۆ کرانەوەی ماڵی هۆرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرترین هۆڕەچرانی بەناوبانگی کورد خەڵکی شابادن و ئەو ناوچەیە بە ناوەندی ئاوازی هۆرە ناسراوە.