کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تریبۆنی ئازادی پارێزەران، پشتیوانی لە پارێزەری بەندکراوی کورد، مەسعوود شەمس‌نژاد دەکا

21:39 - 25 بەفرانبار 2718

"تریبۆنی ئازادی پارێزەران" دامەزراوی بەشێک لە مافناسانی ئێرانی، دەسبەسەرکران و ئەشکەنجە کردنی مەسعوود شەمس‌نژاد پارێزەی کوردی خەڵکی ورمێ مەحکووم کرد. دامەزراوەی "تریبۆنی ئازادی پارێزەران" بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکووم کردنی دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجە و ئازاری پارێزەرێکی کوردی خەڵکی ورمێ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ، داوای لە کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیی کردوە کە لەو پێوەندییە‌دا بێ‌دەنگ نەبن. لە بەشێک لە بەیاننامەی بڵاوکراوی "تریبۆنی ئازادی پارێزەران"دا هاتووە؛ ئەمە یەکەم‌جار نیە کە پارێزەرێک لە کاتی بەرگری‌کردن لە تاوانبارن کە ناهێڵێ مافیان پێشێل بکرێ، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکرێ . دەسبەسەرکردنی پارێزەران و مافناسان بە پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕیسا جیهانییەکانە کە کۆماری ئیسلامی خۆی بە پابەندی دەزانێ و، واژۆی کردوە. لە درێژی بەیاننامەی بەشێک لە پارێزەرانی ئێرانی بۆ پشتیوانی کردن لە مەسعوود شەمس‌نژاد هاتووە؛ کە دەزگایی قەزایی ئێران بە هاوکاری ناوەندە ئەمنییەکان هەر ئێستا ٥٠ پارێزەری دادگوستەری لە بەندیخانەکاندا ڕاگرتووە. تریبۆنی ئازادی پارێزەران بە باس کردن لە دۆخی پارێزەرانی دەسبەسەرکراو، بە تایبەتی مەسعوود شەمس‌نژاد هۆشداریی داوە بە دەزگای قەزایی ئێران کە کۆتایی بە سەرکوت و دەمکوتی پارێزەران بهێنێ. جێی‌وەبیرهێنانەوە رۆژی سێ‌شەممە ١٨ی بەفرانباری ٩٧ی هەتاویی پارێزەری دادگوستەری مەسعوود شەمس‌نژاد لە کاتی بەرگری کردن لە یەکێک لە تاوانباران لە دادگای ورمێ، دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعات گوزراوەتەوە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو پارێزەرە کورد، بە توندی ئەشکەنجە کراوە. شیاوی باسە مەسعوود‌شەمس‌نژاد تائێستا پارێزەری چەند کەس لە چالاکان و بەندکراوانی سیاسی و مەدنی لە ئەستۆ گرتووەو، پێشتریش بە تۆمەتی هەوڵدان بە دژی نیزام و هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبەکانی بەرهەڵستکاری رێژیم دەسبەسەر و، چوار مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپا. پێویستە بگوترێ کە ڕێکخراوی تریبۆنی ئازادی پارێزەران لەسەر دەستی کۆمەڵێک مافناس و پارێزەری ئێرانی ، دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاویی دامەزراوە و ئەرکی پشتیوانی کردنە لە پارێزەرانی دادگوستەری کە لە لایەن دەزگایی قەزاییەوە سەرکوت دەکرێن.