کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران و کاردانەوەکان

22:39 - 26 بەفرانبار 2718

بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئێران ئیزنی دروستکردن و پەرەپێدانی ئەو جۆرە مووشەکانەی نییە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی "ناوکی"یان هەیە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا هەردەم ڕێککەوتن و بڕیارنامە و یاسا نێودەولەتییەکانی پێشێلکردووە و بۆ گەیشتنە بە ئامانجەکانی خۆی گوێی بە یاسا ڕێسا نێودەوڵەتیەکان نەداوە، لە ئاخیرین تاقیکردنەوەی مووشەکیی سەرنەکەوتوانەی خۆی، کە لەم ڕۆژانەی دواییدا بەڕێوەچوو، کاردانەوەی دەوڵەتانی بەدوای خۆیدا هێنا.
پێش تاقیکردنەوەی مووشەکیی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ئەمساڵ، دەوڵەتی فەڕانسە داوایکرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران واز لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی بێنێ. دوابەدوای هەڵدانی مووشەکیی سەتەلایتی ئێران، "پۆمپئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ جارێکی تر کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند کە پەرەپێدانی مووشەکیی ئێران، هەڕەشەیە بۆ سەر ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەراست. پێشتریش "جۆن بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری نەتەوەیی  ئەمریکا، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نهێنی خەریکی سازکردنی مووشەکە و زانیاری ناڕاستی داوە بە کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان.
هەر لەو پێوەندییەدا "بێنیامین ناتانیاهۆ" سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل نیگەرانی خۆی لەو تاقیکردنەوە مووشەکییە دەربڕی و هەر لەو کاتەشدا هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە بە زووترین کات هێزەکانی خۆی لە خاکی سووریە بەرێتە دەر. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا ڕایگەیاند کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئێران لە خاکی سووریەدا بە ئامانج دەگرین چونکە بوونی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی سووریەدا هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنییەت و ئاسایشی ئیسڕائیل.