کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکارانی ئێرانی ناچارن کارەکانیان ڕابگرن

22:49 - 26 بەفرانبار 2718

"ئەسەدووڵلا عەسگەر ئەولادی" سەرۆکی ژووری هاوبەشی ئێران و چین و بە ناوبانگترین بازرگانی ئێرانی، لە کۆبوونەوەی هەیئەتی نوێنەرانی ژووری بازرگانیی تاران ڕایگەیاند کە دوای ٦٤ ساڵ کاری بازرگانیی، ناچارە کارەکەی ڕاگرێ و زۆربەی هەناردەکارانیش بەهۆی ئەو کێشە و کۆسپانەی کە بۆ کاری بازرگانی هاتۆتە پێش، ناچارن کارەکانیان ڕابگرن. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی کێشەی گەڕانەوەی پارە و ئەو نرخەی کە حکوومەت دیاری کردووە مەجبوورین کارەکانمان ڕاگرین و لە بەهاری داهاتوودا ئەو کۆسپ و تەگەرانە ڕوو لە زیاد بوون دەکەن. ناوبراو ڕایگەیاند کە هەناردەکارانی ئێرانی لەگەڵ کێشەی گەورە بەرەوڕوون و من بە ناچاریی ماوەی دوو مانگە کارەکەم ڕاگرتووە. دوای دەسپێکی دەوری دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، بۆ سوود وەرگرتنی حکوومەت و بە قسەی خۆیان کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دراو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بانکێکی تازەی بە ناوی " سامانە نیما" کردۆتەوە کە ئەو بانکە لە لایەن ئورووپاییەکان نەناسراوە و پارەی کەلوپەلی هەناردەکراوی بازرگان و کۆمپانیا ئێرانیەکان ناخەنە سەر حیسابی ئەو بانکە کە کۆماری ئیسلامی بۆ گەڕانەوەی پارەی کۆمپانیاکان لە ئورووپا و وڵاتانی دیکەوە دیاریی کردووە. بەهۆی سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کردەوە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕیەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا، ڕۆژبەڕۆژ ئەو ڕێژیمە لەنێوخۆ و دنیای دەرەوەدا بێزراوتر دەبێ و زیاتر تەریک دەکەوێتەوە و لە دنیادا متمانەی خۆی لە دەستداوە. دەوری دووهەمی گەمارۆکان بۆتە هۆی ئەوەی کە کۆمپانیا و بانکە جیهانییەکان پێوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران پچڕاوە و ئەو قەیرانە، بازرگانانی سەرگەردان و کاربەدەستانی ڕێژیمی دەستەوەستان کردووە و توانای چارەسەریی کێشە کەڵەکەبوەکانیان نییە و ئابووریی ئێرانی تووشی کێشەیەکی گەورە و چارەسەرنەکراو کردووە.