کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد عەلی تاهێری داوای لێ‌سەندنەوەی مافی هاووڵاتی‌بوونی لە کۆماری ئیسلامی کرد

22:52 - 26 بەفرانبار 2718

بەندکراوی عەقیدەتی محەممەد عەلی تاهێری کە زیاتر لە هەشت ساڵە بە تاوانی پێکهێنانی گرووپی "عیرفانی حەڵقە" لە بەندیخانە دایە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر نادادپەروەری لە دەزگای قەزایی ئێران و بەرپرسانی رێژیم، داوای لێستاندنەوەی وڵاتینامەی لە کۆماری ئیسلامی کردوە. محەممەد عەلی تاهێری بە نووسینی نامەیەک بۆ حەسەن رووحانی سەرۆک‌کۆماری ئێران، وێڕای باس کردن لە زڵم و پێشێلکردنی مافەکانی لە ماوەی نیزیک بە ٩ساڵ لە زیندان ، رایگەیاندوە کە هاونیشتمانی ئێران نامێنێ و ئەو مافەی لێ‌وەرگرنەوە. بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی عێرفان محەممەدعەلی تاهێری بەندکراوی عەقیدەتی لە نامەیەک‌دا ڕوو بە حەسەن رووحانی دەڵێ؛ زیاتر لە ٨ساڵە بە بیانووی جۆراجۆرەوە دیلی بازجۆ و مەئموورە ئەمنییەکانی "ثاراللە" سپام و، سەرەڕای سکاڵا و شکایەت کردنم هاوارم بە هێچ کوێ نەگەیشتووەو کەس گوێبیستی ئازارەکانم نییە. لە کۆتایی نامەکەی محەممەد عەلی تاهێریدا هاتووە؛ بە لە بەرچاو گرتنی دۆخی خۆم لە بەندیخانەی ئێڤین لە ماوەی ئەم ٨ ساڵەو نیوەدا، هیوام بە ڕەچاکردنی دادپەروەری لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەماوەو هەر بۆیە مافی هاووڵاتی‌بوونی ئێرانیم ناوێت و ئەو مافە پێشکەش بە خۆتان.