کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چل و نۆ هەزار مناڵ لە ئێران بێ ناسنامەن

16:31 - 27 بەفرانبار 2718

ئەحمەد مەیدەری، جێگری وەزیری هاوکاری و کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند؛ کە چل و نۆ هەزار مناڵ لە ئێران ناسنامەیان نییە و ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین کە بۆ گۆڕینی هاووڵاتیبوون ناسنامەکەیان بخەینە سەر ناوی دایکیان. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند؛ کە لە پێوەندیی لەگەڵ هاوسەرگیریی ژنانی ئێرانی لە گەڵ پیاوانی بێگانە فۆرمێکمان ڕەوانەی پارێزگاکانی ئێران کردووە و لە هەوڵ داین تا بتوانین ڕێگایەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزینەوە. لەنێو ئەو ژنانەدا کە هاوسەرگیریان لە گەڵ پیاوانی بێگانە کردووە، زۆرتر لە ڕووی ناچاریی و هەژارییەوە بووە و تا ئێستاش پیاوەکان نەبوونەتە هاووڵاتی ئێرانی و هەر بەم هۆیەش مناڵەکانیان بێ ناسنامە ماوەنەتەوە کە ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە لە بەردەم کاروباری یاسایی بۆ ئەو مناڵانە و کەسوکاریان لە وڵاتی ئێراندا. هەروەها یەکێک دیکە لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە مێرددانی کچانی تەمەن خوارە لە ئێران. پێی لێکۆڵینەوە نوێیەکان لە ئێران ، ١٧%ی هاوسەرگیرییەکان لە ئێراندا لەگەڵ کچانی ژێر تەمەن ١٨ساڵ ئەنجام دەدرێت و ١٤ هەزار بێوەژنی ژێر تەمەن ١٨ ساڵیش لە ئێراندا هەیە. ئاماری تەڵاق و لەدایکبوونی منداڵ لەم چەشنە دایکانە لە سەرەوەیە، بە شێوەیێک کە لە ساڵی ٩٤دا ٩٧هەزار و ٨٦٢ منداڵ لە دایکانی ژێر ١٩ ساڵ لە دایک بوون، کە ١٥١١ کەسیان ژێر١٥ ساڵ بوون و بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان لە ساڵی ٩٠ تا ٩٤ ئاماری تەڵاقی منداڵانی ژێر١٩ ساڵ ٩٥ هەزار کەس بووە کە لە ساڵی ٩٤دا ئاماری تەڵاقی منداڵانی ژێر١٤ساڵ گەیشتووەتە ١٢٠٠ کەس.