کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێرانی مەحکووم کرد

21:34 - 27 بەفرانبار 2718

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی، دەوڵەتی فەڕانسە وێڕای مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێوەندیی لە گەڵ هەڵدانی سەتەلایت، داوای لە ئێران کرد کە هەموو تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ڕابگرێ. بە وتەی دەوڵەتی فەڕانسە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەڵدانی سەتەلایت لە تێکنۆلۆژی مووشەکی دوورهاوێژ کەڵکی وەرگرتوە. دەوڵەتی فەڕانسە دووپاتی کردەوە کە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە. "ئەنیس ون در موول" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاند کە هەڵدانی سەرنەکەوتوانەی سەتەلایت لە لایەن ئێرانەوە گوتی: بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران بۆتە هۆی نیگەرانیی فەڕانسە و کۆمەڵگەی جیهانیی. هەر لەو کاتەدا کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی بەردەوام دەبێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تاقیکردنەوەی مووشەکیی، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، پشتیوانی لە تێرۆریزم و گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە و پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵکی ئێران و گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان خەڵکی ئێرانی تووشی برسیەتی و گرانی و بێکاریی کردووە و کاربەدەستانی دەوڵەتیش بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ڕێژیمەکەیان توانای وڵامدانەوەی ویست و داخوازییەکانی خەڵک و چارەسەری کێشە و گرفتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیان نییە.