کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندار بوونی دوو کۆڵبەری دیکە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان

21:36 - 27 بەفرانبار 2718

لە ناوچەی سەردەشت و ورمێ لە درێژەی تەقەی هێزەکانی جینایەتکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوو کۆڵبەری دیکە بریندار بوون و باری تەندرووستییان ناجێگیرە. بە پێی ڕاپۆڕتی ماف نیوز دۆینێ ٢٦ی بەفرانبار هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ تەقەیان لە پۆڵێک کۆڵبەری کورد کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئەفشین عەلی پور تەمەن ٣٣ ساڵ، کوڕی ئەمین و خەڵکی نازلو فیشەکێک وە بەر لاقی کەوت و بە تووندی بریندار بوو. بە هۆی سەختی برینەکەی ئەو کۆڵبەرە ئێستا لە نەخۆشخانەی تەورێز لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە. لە لایەکی دیکە هەر دۆینێ لە سەردەشت هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی دەسڕێژیان لە پۆلێک کۆڵبەری ئەو شارە کرد و، کەسێک بە ناوی ناسر عومەری ٢٩ ساڵ و کوڕی ڕەحیم بریندار بووە. دۆخی سڵامەتی ئەو کۆڵبەرە خراپە و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە. هەروەها دەگوتڕی ئەمساڵ لە دەسپێکی وەرزی سەرماوە تا ئێستا ٥ کۆڵبەری دیکەی کورد بە هۆی سەرماوە گیان لە دەست‌داوە.