کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاتوو خەدیجە مووسەوی کچی بابا سمایل بەرزەنجی لە شنۆ کۆچی‌دوایی کرد

22:03 - 27 بەفرانبار 2718

خەدیجە مووسەوی کچی شاعێر و کەسایەتیی ئایینی کورد سەید بابا ئیسماعیل بەرزەنجی ناسراو بە زەبیحی و نەوەی شێخ ئەحمەدی بەرزەنجی غەوساباد ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٧ لە شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد. ئەو خاتوونە ساڵی ١٣٠٩ ی ھەتاوی لە گوندی شاوانەی سەر بە شاری شنۆ و لە داوێنی بنەماڵەیەکی خاوەن بیر و ئایین کە بە بنەماڵەی شێخ بابا سەعیدی بەرزەنجی غەوساباد ناسراون ، لە دایک بوو. ئەم بنەماڵەیە گەورەپیاوانی خاوەنی عیلم و زانست و شێعر و عیرفانیان لێ ھەڵکەوتۆ کە نادارترینیان شێخ بابا سەعید بەرزەنجییە کە بە ھۆی دژایەتی بە دەوڵەتی عوسمانی لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیھانی لە لایەن ھێزەکانی عوسمانی لە گوندی کەرێزەی گڵی لە نیزیک شاری بۆکان شەھید کراوە. لە سەردەمێک کە بە دەگمەن ھەڵدەکەوت ئافرەتان مافی دەرس خوێندنیان ھەبێ ، سەید بابا ئیسماعیل زەبیحی بە پێچەوانەی باوی ئەو سەردەم، زۆر ڕووناکبیرانە کچەکانی فێری دەرس و تیبی سوننەتی دەکات تا خزمەتگوزاری گەل بن. ئەم خاتوونە کە ھاوسەری "حاجی ڕەحیم خانی رووئین تەنی مەحموودئاوا" بوو، لە گوندی مەحموودئاوا و شاری ورمێ ژیانی بردۆتە سەر و نمونەی ژنێکی بوێر و دڵسۆزی کوردە کە خەمی گەلەکەی بەتایبەت ئافرەتانێ لە گیان و دڵی خۆیدا دەدیت و ھەر بۆیەش لە زۆر شوێنان پێی لە جێی گەورە پیاوان ناوە و ھەول و تێکۆشانی بێ وچانی خۆی بۆ کۆتایی ھێنان بە گیر و گرفتی زۆریەک لە بنەماڵەکان لە شارەکانی ورمێ ، مەھاباد ، نەغەدە ، شنۆ و پیرانشار نیشان داوە. ھەر بۆیەش دوایی بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی ئەم خاتوونە نیشتمانپەروەرە ، زۆربەی خەڵکی ناوچە لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی بەشدارییان کرد. شایانی باسە ئەو خاتوونە دڵسۆزە لە گوندی جاشێرانی سەر بە شاری شنۆ و لە نیزیک مەزاری باب و باپیرانی تەسلیمی خاکی نیشتمان کرا. ڕاگەریاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پرسە وسەرەخۆشی پێشکەش بەو بنەماڵە بەڕیزە دەکا و هیوای سڵامەتییان بۆ ئاوات دەخوازێ.