کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازی کردن لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد

16:16 - 29 بەفرانبار 2718

لە شاری مەهاباد شوێنی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە چالاکییەکی بەربڵاودا ئەو یادە بەرز ڕاگیرا. بەپێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، شەوی ٢٨ی بەفرانبار بەشێک لە تێکۆشەران و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کوردپەروەری مەهاباد بە بڵاو کردنەوەی تڕاکت و نووسراوەی شۆڕشگێڕانە، پێشوازییان لە بۆنەی نەتەوەیی ٢ی ڕێبەندان کرد. لەو چالاکییە تەبلیغییە‌دا دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەڕەک و شەقامەکانی تەپەی قازی، کۆڵانی دانش، زەوییەکانی شارەداری، شارەکی فەرجر ، مەحموودیان، گەڕەکی ئەرمنیان، پشتەپ، میدانی ئستیقلال ، شەقامی وەفایی و چەندین شوێنی دیکە بە بەربڵاوی وێنەو نووسراوەی پێوەندییدار بڵا کردوتەوە. دۆستانی وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو ڕێگایەوە لە گەڵ ئامانجەکانی پێشەوای کوردان و کۆماری کوردستان پەیمانیان نوێکردەوە. شیاوی باسە لەو چالاکییە‌دا بە نووسینی دروشمی؛ مەهاباد قەڵای دێموکراتە" یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانانیش بەرز ڕاگیرا. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی کردنی ئەو یادە لە سەرجەم لایەنگرانی خۆی لە نێوخۆی وڵات ، سپاس وپێزانینی پێشکەش بە تێکۆشەرانی دێموکرادۆست لە شاری مەهاباد دەکا.