کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگ‌کران و لێپرسینەوە کردن لە چەند چالاکیی سیاسیی شاری سونقۆڕ

16:39 - 29 بەفرانبار 2718

لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەند چالاکی سیاسی لە پارێزگای کرماشان و نیشتەجێ شاری سونقۆڕ بە تاوانی چالاکی کردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و لێپێچینەوەیان لێ‌کراوە. بە پێی ڕاپۆڕتی کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، کیومەرس واعزی مامۆستای دەبیرستان لە گەڵ بورزۆ نادری و فەهیم ناسری و ئێحسان دارابی بە تاوانی وتار وبابەت نووسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ‌کراون لێپرسینەوەیان لێ‌کراوە. بە گوتەی کیومەرس واعزی بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی شاری سونقۆڕی کرماشان لە کاناڵێکی تێلێگرامیدا بە ناوی" امروز غرب، رسانە بدون سانسور" چالاکن و هەر بۆیە ئەو کاناڵە بەوردی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە چاوەدێری و کۆنتڕۆڵ دەکرێ. هەروەها زارا ئەسەدی هاوژینی کیومەرس واعزی لە لایەن پۆلیسی ئەمنیەتی کرماشانەوە بانگ‌کراوە. کیومەرس واعزی ڕایگەیاندوە کە بە هۆی چالاکییەکانیەوە چەندین جار بانگ کراوەتە ئیتلاعات و بڕیارە بە تاوانی "هەوڵدان بەدژی ئاسایشی نیشتمانی و بڵاو کردنەوەی درۆ و دەلەسە" رۆژی یەکەمی ڕێبەندان لە دادگای ئینقلابی شاری سونقۆڕ ، دادگایی دەکرێت.