کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سەرۆک کۆماری ئێران: گەمارۆکان کێشەی گەورەیان بۆ وڵات خوڵقاندووە

16:44 - 29 بەفرانبار 2718

محەممەد باقر نەوبەخت، شەوی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار لە کۆبوونەوەیەکی ئابووریناسانی ئێرانی لە باشووری پارێزگای کرمان گوتی: گەمارۆکان بوونەتە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم هەناردە کردنی نەوت و بێجگە لەوەی کە بوونەتە هۆی دابەزینی نەوت، لە لایەکی ترەوە ئەو نەوتەی کە دەشیفرۆشین گەڕانەوەی پارەکەی بۆ ئێران لە گەڵ کێشەی گەورە بەرەوڕوویە و زۆر بە زەحمەت دەگاتەوە ئێران. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "مێهر"، جێگری حەسەن ڕووحانی لە پێوەندیی لەگەڵ گەمارۆکاندا ئاماژەی بەوەدا کە بۆ هەناردەکردنی نەوت پێویستیمان بە پاپۆر هەیە، ئەگەر پەیدامان کرد، ئەوکات پێویستیمان بە بیمە هەیە کە ئەوەش بەهۆی گەمارۆکانەوە لەگەڵ کێشەی جۆراوجۆر بەرەوڕوویە. ناوبرا لە پێوەندی لە گەڵ ڕاددەی هەناردەکردنی نەوت دا گوتی: لە نیوەی ساڵی رابردوودا هەناردەکردنی نەوت بەشێوەی نێونجی مانگی دەگەیشتە دوو و نێو میلیۆن بەرمیل، بەڵام لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوودا کە ئێستا گەمارۆکان دەستیان پێنەکردبوو،ڕۆژی بۆ یەک میلیۆن و ١١٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی. محەممەد باقر هەروەها ڕایگەیاند کە بارودۆخەکە بە شیوەیەکە کە دژمن هەڕەشە لە هەموو ئەو کۆمپانیایانە دەکا کە لەگەڵ ئێمە وتوویژ دەکەن و هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە پەشیمانیان بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە هێشتا گەمارۆکان بە تەوای جێبەجێنەکراون و سەرەتای دەسپێکردنی گەڕی دووهەمی گەمارۆکانە، بەڵام لە ئێستاوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستۆتە بەردەم کێشە و قەیران و کاربەدەستانی دەوڵەت توانای چارەسەریی کەمی کێشەکانیشیان نییە و هەر ڕۆژە بەجۆرێک نیگەرانی خۆیان لەو دۆخە نالەبارە دەردەبڕن. ئەو نیگەرانییەی کاربەدەستانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرانی پایەبەرزی ڕێژیم دەیانگوت کە گەمارۆکان هیچ کاریگەریەکیان لە سەر ئابووریی ئێران نابێ و ئێمە بە جیددی ڕووبەڕوویان دەوەستینەوە.