کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیچ وڵاتێکی ئورووپایی میکانیزمی "ئێس پی ڤی" قبووڵ نەکردووە

15:13 - 30 بەفرانبار 2718

لەگەڵ دەسپێکی گەڕی دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، یەکیەتی ئورووپا لە هەوڵی ئەوەدابوو کە میکانیزمێک بۆ ئاڵووێر و بازرگانیی لە گەڵ ئێران پێک بێنن، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێک ئامادە نەبووە بەرپرسایەتی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێ. لەو بارەوە کاربەدەستانی ڕێژیم نیگەرانی خۆیان لەو سیاسەتەی ئورووپاییەکان دەربڕیوە. جەهانگیری دەڵێ: بە هیچ شێوەیەک لە هەوڵی بە کردەوەی ئورووپاییەکانی ڕازی نین. ناوبرا لە درێژەی وتەکانی دا گوتی: بانک و کۆمپانیا ئورووپاییەکان بەجێی ئەوەی کە پێڕەوی لە بڕیاری دەوڵەتانی ئوروپایی بکەن، پێڕەوی لە سیاسەت و بڕیارەکانی ئەمریکا دەکەن. فریال مستەوفی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی وەبەرهێنانی ژووری بازرگانیی تاران دەڵێ: هیچ وڵاتێکی یەکیەتی ئورووپا میکانیزمی "ئێس پی ڤی" قبوول نەکردووە. ئەوان نازانن کە بە چ شێوەیەک ئەو میکانیزمە جێبەجێ بکەن و من لە سەر ئەو باوەڕەم کە شتێک ڕوونادات و ئورووپاییەکان لەو بارەوە هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن. "فەرەیدوون مەجلیسی" دیپڵۆماتی پێشووی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: بۆ جێبەجیکردنی میکانیزمی "ئێس پی ڤی"، مەسەلەی ئەمنییەتی و بەرژەوەندی ئیسڕائیل کاریگەریی لە سەر بڕیاری ئورووپاییەکان داناوە. ناوبراو ئاماژەی بە کۆنفڕانسی "وەرشۆ" دا کە لە ٢٤ و ٢٥ی ڕێبەندان دەبەسترێ کە هاوکاتە لە گەڵ چلەمین ساڵی ئینقلابی ئێران و ناوبراو سوور بوو لە سەر ئەوەی کە تڕامپ، بۆڵتۆن و پۆمپئۆ بۆ تەعاروف لەگەڵ ئێران نەهاتوون، ئەوان بەرنامەی پێشوەختەی خۆیان لەبارەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە باسکردووە و ئێستا بە دوای هاوپەیمان دان بۆ شەڕ و تێچووی شەڕەکە. لەگەڵ ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستی زۆری بە ئورووپایە، بەڵام بەپێی وتەی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، هیچ هیوا و ئومێدێکیان نەماوە و بە تایبەتیی مەسەلەی تێرۆریزم و دەسبەسەرکردنی تێرۆریستە ئێرانییەکان لە ئورووپا و گەمارۆ خستنە سەر وەزارەتی ئیتلاعات، ناکۆکی زیاترکەوتۆتە نێوان وڵاتانی ئورووپایی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هیوایەک بۆ بەرەوپێشچوونی پێوەندییەکان بەدی ناکرێ.