کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیانگەیاندن بە ژینگەی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد

21:33 - 30 بەفرانبار 2718

بەشێک لە ژینگەپارێزان و چالاکانی مەهابادی وێڕای لە قاودانی گەڵاڵەی داڕێژراوی نێوان بەرپرسانی شارەداری مەهاباد و میاندواو کە زیانی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، نیگەرانیی خۆیانیان لەو پێوەندییە‌دا دەربڕی. بە پێی ڕاپۆڕتێک کە لە مەهابادەوە بەدەستمان گەیشتووە بە هاوکاری ژێربەژێری بەرپرسانی شارەداری ئەو دوو شارە ، پاشماکانی زبڵی میاندواو لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بە شێوەی ناستاندراد و زیانبار چاڵ دەکرێت کە خەسارێکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە دەگەیەنێ. لەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە؛بە پێی گەڵاڵەیەک کە بە تەبانی شارەداری مەهاباد و میاندواو، داڕشتراوە پاشماوەکانی زبڵی میاندواو لە دەورووبەری ئاوایی گردەگڕوێی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد چاڵ دەکرێ کە ئەوەش دەبێتە هـۆی زەربە لێدان لە ناوچەی شاروێران. ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بە هـۆی بوونی باخ و باخاتی زۆر، یەکێکە لە کۆڵەکە ئابوورییەکانی مەهاباد کە لە ئەگەری کێڵگەی پاشماوەی زبڵ لەو ئاواییەی شاروێران، خەساری قورس لە ژینگەی ئەو ناوچە دەکەوێ. شاری میاندواو به پێی بەرینی بوونی و دراوسێیەتی لەتەک پارێزگای ئازەربایجانی شەڕقی"تەورێز" شوێنی بێ کەڵک و هەڵکەوتوویی زۆری هەیە بۆ چاڵ کردنی پاشماوەی زبڵ و ئەوەی کە لێرەدا جێی دڵگرانیی و دڵەڕاوکێیە ئەوەیە کە بۆ دەیانهەوێ ئەو ناوچەی شاروێرانی مەهاباد کە داهاتی زۆری مەهابادییەکان لێی وەدەست دێ، بە دانانی ئەو کێڵگەیە، لە ناوی بەرن.